لێدوانی ئەڵۆنسۆ و سیمیۆنی پێش رووبەڕووبوونەوەیان

PM:08:51:07/01/2026

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سیمۆنی دوپاتیکردەوە بە پلانێکی نوێوە دەچن مەیدان و ئەڵۆنسۆش دەڵێت کێبڕکێی نازناوەکان دەکەین.

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، پێش یاریی نیوەی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریاڵ مەدرید، جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنە گەورەکەی پێشوویان لە خولدا بووەتە مێژوو و یارییەکەیان لە سعودیە بارودۆخێکی تەواو جیاوازی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، تیپەکەی بە پلانێکی نوێوە دەچێتە مەیدان و پێویستیان بەو تمووح و هێزە هەیە کە سۆرلۆس لە هێڵی هێرشبەریدا هەیەتی بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەگەڵ خولیان ئەلڤارێز دروست بکات.

سەبارەت بە دۆخی دەروونی ئەلڤارێزیش، وتی: هەندێک جار پێویستە تەنیا لە یاریزانەکە نزیک بیت و باسی تۆپی پێی لەگەڵ نەکەیت، چونکە مرۆڤبوونی ئەو لە پێش هەموو شتێکەوەیە، وە بە شێوەیەکی گشتی لایەنی دەروونی کلیلی بردنەوەی ئێمەیە.

لەلایەکی تریشەوە چابی ئەڵۆنسۆ ریگەیاند، کە تیپەکەی ئێستا لە دۆخێکی باشدایە و دوای تێپەڕاندنی کێشەکانی ڕابردوو، توانای کێبڕکێکردنی لەسەر هەموو نازناوەکانی هەیە.

ئەڵۆنسۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یارییە لە چاو یارییەکانی پێشوو جیاواز دەبێت و بەهۆی ئەوەی قۆناغی پێش کۆتاییە، پێویستە یاریزانەکان لە ڕووی دەروونییەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدا بن بۆ ئەوەی بلیتێکی یاری کۆتایی بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە بارودۆخی یاریزانەکانی، ڕاهێنەرەکە ئاشکرای کرد، ڤینیسیۆس یاریزانێکی سەرەکی و گرنگی تیپەکەیە و پێویستیان بە باشترین ئاستی ئەو هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو و تەواوی یاریزانەکانی تر لەژێر فشاردان و دەبێت جوڵەی بێ تۆپیان زۆربێت.

دەربارەی کیلیان مباپێ، ئەڵۆنسۆ ڕایگەیاند، دۆخی ئەو ئەستێرەیە سات بە سات هەڵدەسەنگێنن، وە هێشتاش بڕیاری کۆتایی لەسەر پێکهاتەی سبەینێ نەداوە، هاوکات دڵنیایی دا کە کارڤاخاڵ دەتوانێت بۆ چەند خولەکێک بەشداری بکات، بەڵام نایانەوێت هیچ فشارێکی بخەنە سەر و سەرکێشی پێوە بکەن.