AM:11:57:02/01/2026
164 جار خوێندراوەتەوە
+
-
کاسیاس بەرگری لە چابی ئەلۆنسۆ دەکات و پەردەشی لەسەر پەیوەندییە
تەمومژاوییەکەی لەگەڵ مۆرینهۆ لابرد.
ئیکەر کاسیاس، ئەفسانەی گۆڵپارێزانی ریاڵ مەدرید، لە نوێترین ئەڵقەی پۆدکستەکەیدا
بە ناوی لەژێر دارەکاندا، داکۆکییەکی سەختی لە چابی ئەلۆنسۆ کرد و ئەو ڕەخنە
توندانەی ئاراستەی ڕاهێنەرەکەی مێرەنگی دەکرێن بە ناڕەوا وەسف کرد.
کاسیاس لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئایتۆر کارانکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو
هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ ئەلۆنسۆ دادپەروەرانە نییە و وتی: ئەو کەسێکە زۆر باش لە
تۆپی پێ تێدەگات، راستە ریاڵ مەدرید گوشار و قسە و باسی زۆرە، بەڵام ئێمە هێشتا لە
مانگی کانوونی یەکەمداین؛ بارودۆخەکە وەک خوێندنگە وایە، نمرەی راستەقینەی
خوێندکار لە مانگی حوزەیران دەردەکەوێت، نەک ئێستا.
وە کاسیاس جەختی کردەوە کە ئەلۆنسۆ نە لە بەرشەلۆنە دوورە لە ریزبەندی
لالیگا و نە لە جامەکانیش کراوەتە دەرەوە، بۆیە ئەم هەموو رەخنەیە بێمانایە.
لە بەشێکی تری پادکستەکەیدا، کاسیاس گەڕایەوە بۆ سەردەمی پڕ لە کێشەی
خۆی و خۆسێ مۆرینیۆ و پەیوەندییەکەیانی بە چیرۆکێکی خۆشەویستی شکستخواردوو چواند و
وتی: ساڵی یەکەم بە تەواوی عاشق بووین، ساڵی دووەم هەندێک شتم بینی کە تووشی شۆکی
کردم، بەڵام لە ساڵی سێیەمدا هەموو شتێک کۆتایی هات و مۆرینیۆ هەموو تاوانەکانی
خستە ئەستۆی من.
کاپتنەکەی پێشووی شاهانە بە پەشیمانییەوە باسی لەو سەردەمە کرد و رایگەیاند،
خۆزگە ئەو کاتە دادەنیشتن و قسەیان دەکرد بۆ ئەوەی کێشەکان بە راستی چارەسەر بکەن،
ئەوان گومانیان لە شتگەلێک دەکرد کە بوونیان نەبوو، مۆرینیۆ راهێنەر و
دەروونناسێکی زۆر باشە و دەزانێت چۆن بەرنامەکەی جێبەجێ بکات، هەروەها خاوەنی
کەسایەتییەکی تایبەت و قورس بوو.