فەرمی.. مەهدی تاریمی بووە یاریزانی ئینتەر

PM:02:08:13/07/2024

332 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تاریمی بە گرێبەستێکی سێ وەرزی پەیوەندی بە ئینتەرەوە کرد و رایگەیاند دڵخۆشە بە هاتنەدی خەونەکەی.

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئیمزاکردنی گرێبەستیان لەگەڵ مەهدی تاریمی هێرشبەری ئێرانی و یاریزانی پێشووی یانەی پۆرتۆ ئاشكرا کرد.

یانەکە بڵاویکردووەتەوە، گریبەستەکەی تاریمی لەگەڵ یانەکەیان بۆ ماوەی سێ وەرزە و لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت بەڵام ئاماژەیان بە وردەکاریەکان بە تایبەت مووچەی ساڵانەکەی نەداوە.

دوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکە، مەهدی تاریمی رایگەیاند، هەست بە دڵخۆشی دەکات و هەستێکی باشی هەیە و ئێستا یەکێک لە باشترین ساتەکانی ژیانی بەڕێدەکات چونکە خەونەکەی هاتووەتە دی.

دەشڵێت، ئینتەر یانەیەکی گەورەی تۆپی پێیە و خولی ئیتاڵیاش یەکێکە لە بەهێزترینەکان، هەموو هەوڵێک دەدەم کە باشترینی خۆم پێشکەش بکەم لە پێناو تۆمارکردنی گۆڵ و بردنەوە.

تاریمی پەیامێکی ئاڕاستەی هاندەرانی ئینتەر کرد و دوپاتیکردەوە کە دەیەوێت ئاهەنگی زۆرترین سەرکەوتن بگێڕێت لەگەڵیاندا، کێبڕکێی سەرجەم خولەکان بکەن و هەموو هەوڵێک دەدات لەو پێناوەدا.

خ . ک