نۆرەی ئێوەش دێت!
PM:04:36:14/12/2024
1508 جار خوێندراوەتەوە
دانا محەمەد
+
-
٥٣ ساڵ لە حکومڕانیی باوک و کوڕ، ٥٣
ساڵ لە چەوساندنەوەی خەڵک، برسێتی، کوشتن و بڕین، پڕکردنی زیندانەکان و کپکردنی دەنگی
ئازاد، دوای ئەو هەموو نەهامەتییە، لەکۆتایدا توڕەیی گەل دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی
ئەسەدی راماڵی و پەیکەرەکانی بەشار ئەسەد و حافز ئەسەدی باوکی، لەبەر پێی منداڵانی
سوریادا کەوتن، نە سوپا و هێزە میلیشیاکانیان، نە جەللاد و پیاوکوژەکانیان نەیانتوانی
دەسەڵاتەکەی ئەسەد بپارێزن و دوای ٥٣ ساڵ، بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا وەدەرنران، هەموو
ئەمانەش چۆن دەستی پێکرد؟ لە گەرمەی بەهاری عەرەبیدا، چەند منداڵێک کە تەمەنیان نەدەگەیشتە
١٥ ساڵ، لەسەر دیواری یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری دەرعا نوسیان،( أجاک الدور یا
دکتور)، دەسەڵاتە زاڵمەکەی ئەسەدیش قبوڵی نەبوو منداڵیش ناڕەزایەتی دەرببڕێت و هەموویانی
دەستگیر کرد، ئەوەش خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکە و دواتر هەموو سوریای بەدوایا هات تا
کار گەیشتە شەڕی ناوخۆ و دواتریش رووخانی ئەسەد.
پێش ئەسەد،
هاوشێوەکانی لە وڵاتانی دیکەی وەک میسڕ، تونس، لیبیا و یەمەن، یەک لەدوای یەک توڕەیی
گەل دەسەڵاتەکەیانی سەروژێر کرد، تەنانەت قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵح هەر بە دەستی
گەلەکەی خۆیان کوژران! ئەو دەسەڵاتەی چەندین ساڵ بناغەیان بۆ دانابوو، لە پێناویدا
گەلیان چەوساندەوە، برسییان کردن و زیندانەکانیان لێ پڕکردن، هەر لەلایەن گەلەکەیانەوە
رووخێندرا.
لەم هەرێمەی
خۆشماندا، نموونەی دەسەڵاتی ئەسەد و هاوشێوەکانیمان هەیە، خەڵکی دەچەوسێننەوە و
برسییان دەکەن، دەنگی ئازاد کپدەکەن، زیندانەکان پڕ دەکەن. ئەوەی بە جۆرێک رەخنەیەکیان
لێ بگرێت و بەدڵیان نەبێت، تۆمەتێکی بۆ دادەتاشن و راپێچی زیندانەکانیانی دەکەن، مەگەر
خودا بۆخۆی بزانێت چۆن چۆناهی تەعزیبیان دەدەن، زیندانەکانی پارتی و یەکێتی پڕن لەو
کەسانەی کە لەدژیانن. جگە لەو دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی کە بە درێژایی ٣٣
ساڵی دەسەڵاتی ئەم جوتە حزبە کراون بە قوربانی گوللەیەک! کاوە گەرمیانیی رۆژنامەنووس
لە باوەشی دایکیدا خەڵتانی خوێن کرا! سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ لە بەردەم زانکۆکەیدا
و بە بەرچاوی هاوڕێکانییەوە بە رۆژی رووناک رفێندرا و کوژرا، دواتریش وتیان، بابە
ئەمە تیرۆرستە!، بەکر عەلی، سۆرانی مامە حەمە و دەیانی دیکە نموونەی ئەوانەن کە بەهۆی
رەخنەکانیان لە دەسەڵات بوونەتە قوربانی، دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە
تا ئێستا کوژراون و بریندار کراون، تەنها لەبەر داواکردنی مافەکانیان! باسی ئەو کەسانەش
ناکەم کە لە هیچ و خۆڕا تۆمەتیان بۆ داتاشراوە و ئێستا لە کونجی زیندانەکانی پارتی
و یەکێتیدان! دەپرسم، ئەسەد و هاوشێوەکانیشی هەر ئەمەیان نەدەکرد؟
برسیکردنی خەڵکی،
نەدانی موچە، سەرانەسەندن، زیادکردنی باج، رۆژ لە دوای رۆژ وێرانکردنی ژیانی هاوڵاتیان
و سەرکوتکردنیان، سیاسەتی جوت حزبی بنەماڵەیە، ئەو سیاسەتەش تا سەر بڕ ناکات و وەک
دەڵێن، پەتی زوڵم لە ئەستووریدا دەپسێت! جا نازانین پارتی و یەکێتی دوای ٣٣ ساڵ لە
زوڵم و زۆرداری، نیازیان هەیە داوای لێبووردنێک لە خەڵک بکەن و واز لە رەفتارەکانیان
بهێنن؟ یان چاوەڕوانی ئەوەن توڕەیی میللەت رایانبماڵێت و هاوشێوەی دەسەڵاتەکانی دەوروبەریان،
نۆرەی ئەوانیش بێت!!!