موچە نادات بەڵام دەبەخشێت؟
PM:03:50:12/12/2024
3228 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات جەمال ساڵح
+
-
پەندێکی کوردیی
هەیە دەڵی، تا ماڵ وەستابێ بۆ مزگەوت حەرامە، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کڵێساش-یان
خستووەتە سەر، پەندەکە مەبەست لێی ئەوەیە، ناکرێت خۆت و ماڵ و منداڵت برسی و نەدار
و نا پۆشتەبن، وە پێداویستییەکانیان بۆ دابین نەکەیت، بەڵام لە هەمان کاتدا داهات
و خەرجی ئەوان ببەخشی بە کەسانی تر، تاوەکو خۆت وەک کەسێکی میهرەبان و بەخشندە نیشان
بدەیت!
رۆژی شەممە
11.12.2024، کڵێسای نۆتردام لە پاریس-ی پایتەختیفەرەنسا پاش نۆژەن کردنەوە و کرایەوە، کە روخسارێکی جوان و سیمبولی پاریسە،
کە لە ساڵی 2019 بەشێکی زۆری کڵێساکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سوتا و رووداوێکی خەمهێنەر
بوو، لە ئاستی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی
کوردستان، هاوشانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە
و سەرۆکی وڵاتانی جیهان ئامادەیی کردنەوەی بوو.
ئێستا دەرکەوتووە،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیۆن دۆلار (5000000)ی بەخشیوە بۆ نۆژەنکردنەوەی
ئەو کڵێسایە، وە چەند ملیۆن دۆلارێکی دیکەشی بەخشیوە، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت دیدار
لەگەڵ چەند سەرۆک و سەرکردەیەکی جیهان بکات لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێراوی
ئەمریکا و بلیۆنێری جیهان ئیڵیۆن مەسک.
رۆشنبیر و رۆژنامەوانان،
ئەمەیان بە هەوڵێکی ئابڕوبەرانە ناوبردووە، لەوانە رۆژنامەنووس و چالاکوانی کوردی
تاراوگە نشین قادر نادر، ئەم زانیارییانە بە دیکۆمێنت خستووەتەڕوو، ئەمەی روویداوە
لە کاتێکدایە کە فەرمانبەران و مامۆستایان، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سێ مانگە
موچەیان وەرنەگرتووە!
وە خۆپیشاندان
و مانگرتن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دەستی پێکردووە و نیگەرانی قوڵ هەیە لەوەی
حکومەت و بەرپرسانی ناتوانن، موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران بۆ مانگەکانی 10+11 و
مانگی 12 دابین بکەن و لەگەڵ حکومەتی عێرق رێکبکەون، سەرەڕایی چەندین قەیرانی تر،
وەزارەتی دارایی دەڵێت بودجەی پێویست نییە و بێ منەتن لە قوربانی و ئەرکی فەرمانبەرانیان.
بۆیە دەپرسم،
جەنابی سەرۆک باشتر نەبوو ئەو بڕە پارەیەت ببەخشیایە بە موچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان، تاوەکو موچەی پێ بدەیت، یاخود وەک
تەواوکاری موچە بیخەنە سەر بودجەی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، لە کاتێکدا حکومەتەکە
لە ساڵی 2013 وە بە قەیرانی دارایدا تێدەپەڕێ و موچە دوو مانگ و سێ مانگ جارێک دەدرێ،
ئەم خۆ دەرخستنە چییە. یان راستگۆ نین لەگەڵ میلەتی خۆتان و قەیران بۆ میلەت هەیە
نەک بەرپرسەکانی!
چونکە، تاوەکو
ماڵ وەستا بێت بۆ کڵێسا حەرامە.