سەردێڕ:

نەوەی نوێ: لەسەر بەرژەوەندی خەڵک بڕیاری بەشداریکردن لەدانیشتنی پەرلەمان دەدەین

PM:12:31:26/03/2022

16156 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ناچینە ژورەوە بۆ پەرلەمان هەتا ئەو ١٧ خاڵەی تایبەتە بە هاوڵاتیان و پێشکەشمان کردوە، واژۆ نەکرێت لە لایەن کوتلەی سەدرییەکانەوە".


ئەمڕۆ شەممە، رێبوار ئەورەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ناچینە ژورەوە بۆ پەرلەمان هەتا ئەو ١٧ خاڵەی تایبەتە بە هاوڵاتیان و پێشکەشمان کردوە، واژۆ نەکرێت لە لایەن کوتلەی سەدرییەکانەوە".

ئەوەشیخستەڕوو، "گەر ئەو خاڵانە جێبەجێ نەکەن ئەوا ناچینە ژورەوە و تا ئێستاش نەچوینەتە ژورەوە".

وتەبێژی نەوەی نوێ وتیشی:"پێ دەچێت ئەو خاڵانە قورس بێت بۆیان و ئیمزای نەکەن، بۆیە ناچینە ژورەوە بێ ئەو خاڵانە".

رێبوار عەبدولرەحمان ئەوەشیخستەڕوو، "یەکێکین لەو هێزانەی کە لەسەر بەرژەوەندی خەڵک و خزمەتی خەڵک بریار دەدەین بچین یان نەچین، نەک لەبەر خاتری یەکێتی و پارتی".

وتەبێژی نەوەی نوێ سەبارەت بەهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان وتیشی:"هەندێک هێز ناچنە ژورەوە و دەڵێت تا پارتی و یەکێتی رێک دەکەون، ئێمە وا بیر ناکەینەوە و چاوەرێی ئەوان ناکەین و خۆمان بە پاشکۆی ئەوان نازانین".

مەرجەکانی نەوەی نوێ

هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک ١٧ مەرج ئاراستەی سەدر دەکەن بۆ بەشداریی کردن لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق و تێیدا چەند داوایەک دەخەنەڕوو.

لە راگەیەندراوێکدا کە هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵک" بڵاویان کردووه‌تەوە، چەند مەرجێکی هاوپەیمانێتییەکە دەخەنەڕوو بۆ بەشداری کردنیان لە دانیشتنەکەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق بەڕێوەبچێت.

١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.

٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.

٣- ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار وکفری).

٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.

٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابووری کار لەسەرکراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.

٧- لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەروو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار" و ئەوانی دیکەش.

٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەو کەسانەی رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".

٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.

١٠-چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.

١١-کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.

١٢-یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.

١٣-جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.

١٤-یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

١٥-سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.

١٦-بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.

١٧-گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دۆزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.

 بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە دوو له‌سه‌ر سێی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە بکەن کە لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکاتە ٢٢٠ کورسی.

 

لەنێو کوتلە کوردییەکانی نێو پەرلەمانیشدا هەریەک لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و بریاری بەشداری نەکردنیان له‌و دانیشتنەدا داوە، پارتی بەشدارەو نەوەی نوێیش ١٧ مەرجی خۆی لەپێناو خەڵکدا خستوەتەڕوو.


 













گەلەری