سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی نوێی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە ئاشکرا کرد

AM:10:29:19/03/2022

8688 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بە بێ گەیشتنە سازانێکی سیاسی و لێکتێگەیشتن لەنێوان هاوپەیمانی سێ قۆڵی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئەوا ئەوان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نابن. دەشڵێت، "دەرگای گفتوگۆکان لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر کراوەیە و بەردەوامە".


ئەمڕۆ شەممە، عارف حەمامی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ سازانی سیاسی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نابن.

ئاماژەی بەوەشدا، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیوستە بە گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکانەوە.

ئاشکراشی کرد، هەرگیز ناکرێت هیچ کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جا هی پارتی بێت یان یەکێتی، بە بێ رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم هێزە شیعییەکاندا تێناپەڕینرێت.

عارف حەمامی باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا کات لەبەردەمیادا کەمبووەتەوە و پێویستە پەرلەمانیش سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، ئەمەش وایکردووە پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەر دواخستنێک لەبەرژەوەندی عێراق نییە.













گەلەری