بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆگاكاندا بەشی زیاتر لە شەش مانگ رۆن و زەیت هەیە، ئەگەر لەو ماوەیە یەک دەبە زەیت هاوردە نەکرێت کێشەدروست نابێت. دەشڵێت، "تەنها ئەو شوێنانەیان سزاداوە کە نرخیان گران کردووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، "لەو چەند رۆژەی رابردوو لە بازاڕەکان نرخی رۆن و زەیت زیادی کردبوو، هۆکارە سەرەکییەکەی شەڕی نێوان ئۆکرانیا و روسیایە لەبەر ئەوەی بازرگانیی گەورەی جیهانیی ئۆکرانیایە".
ئاماژەی بەوەشدا، "لێرە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی هاوردەکردن
هەبێت هەندێک لە بازرگانەکان وردە وردە دەستیان کرد بە گرانکردنی نرخەکان تا وای لێهات
نرخ بە کاتژمێر گران دەبوو، بۆیە ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار هاتینە سەرخەت و
ژوورێکی عەمەلیاتمان پێکهێنا بۆئەوەی هۆکارەکە بدۆزینەوە و سەرپێچیکاران سزا بدەین ".
موزەفەر سابیر دەربارەی رێکارەکان بۆ رێگری و بەرگرتن لە قۆرخکاری و
گرانکردنی نرخ لە بازاڕدا، ئاشکرای کرد، "ئێمە لە دوو رۆژی رابردوو سەردانی زۆرینەی
کۆگا، بازاڕ و فرۆشیارەکانمان کرد، دوو کارگەی رۆنی زەیت هەیە لە هەولێر سەردانی ئەوانیشمان
کرد، بۆمان دەرکەوت لە هەندێک شوێن کۆمپانیاکان نرخەکانیان گران کردووە، ئەوانە
سزادران و دەدرێنە دادگا و لە هەندێک شوێنیش مۆڵەکان بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک
بەسەر نرخی کڕیندا هاتبێت رۆنیان گران کردبوو".
وتیشی، "لیژنەکانی ئێمە کاتێک دەچنە هەر شوێنێک داوای مەنەفێستیان لێدەکەین
کە بزانین بۆ نرخیان گران کردووە، ئێمە بەپێی ئەو پسوولەی کڕینانە مامەڵە دەکەین،
ئەگەر شوێنێک بەبێ هۆ نرخی گران کردبێت سزای دەدەین".
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، دەربارەی ئەو شوێنانەی لەسەر گرانفرۆشی
سزادراون باسی لەوەکرد، "لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە سنووری هەولێر، ١٢ شوێنمان
داخستووە و پسوولەی سەرپێچیشیان بۆ کراوە، سێ شوێنیان لە گەورەترین مارکێتەکانی هەولێر
بوون، دەیان شوێنی دیکەش کە سەرپێچییەکەیان بچووکتر بووە پسوولەیان بۆ کراوە و
سزادراون".
موزەفەر سابیر دەشڵێت، "هیچ کۆگایەکمان
دانەخستووە لەبەر ئەوەی تێبینیمان کرد زۆرینەی کۆگاکان بە نرخەکانەوە پابەندبوون،
ئەوەی گرانیان کردووە دوکانەکان و مۆڵەکان بوون".
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دڵنیایی دایە دانیشتوانی هەولێر کە لە
کۆگاكاندا بەشی پێویست خۆراک هەیە و رایگەیاند "لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین و
سەردانەکانمان بۆمان دەرکەوت لە کۆگاكاندا بەشی زیاتر لە شەش مانگ رۆن و زەیتمان هەیە،
ئەگەر لەو ماوەیە یەک دەبە زەیت هاوردە نەکرێت کێشەمان نابێت و بەشی شەش مانگ زیاتر
رۆن لە هەولێر هەیە".
راشیگەیاند "دۆخەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی تردا ئاسایی دەبێتەوە و نرخ
دەچێتە دۆخی پێشتر، چونکە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی رەمەزان دوو بەشە خۆراکی مانگانەی
هاووڵاتییان دابەش دەکرێت و زانیاریشمان هەیە، دوو باخیرەی گەورەی زەیتی ئۆکرانی بەرەو
تورکیا کەوتوونەتە رێ ئەمەش وادەکات بڕی رۆن زیاد بێت و نرخەکە دابەزێت".
لەلایەن خۆیەوە، نایف شێخانی یەکێک لە فرۆشیارانی کەرەستە خۆراکییەکان لە
بازاڕی هەولێر دەربارەی کێشەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و وتی: "لەناو خەڵک
پروپاگەندەکە وابوو کە رۆن و زەیت لە ئۆکرانیاوە دێت بۆ هەرێمی کوردستان و بەهۆی ئەو
شەڕەش ئەو وڵاتە بە چەند مانگێک نایەتەوە سەرخۆی، بۆیە خەڵک هات لە ترسان رۆنیان کڕی
و هەندێک لە فرۆشیارەکانیش رۆنیان لابرد و کەمیان کردەوە، شتێکیش کە خواستی لەسەربوو
گران دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "نرخەکان بێ ئەندازە گران بوون، دەبەیەک زەیت لە دوو
هەزار و٥٠٠ دینارەوە زیادبوو بۆ چوار هەزار دینار، واتە کارتۆنێک ٣٠ هەزار دینار
هاتە سەر نرخەکەی، بەڵام ئەوە دوو رۆژە دۆخەکە باش بووە و نرخەکان بەرەو دابەزین دەچێت،
ئەو قەرەباڵغیەی خەڵکیش نەماوە و رۆن و زەیتیش دێتە ناو بازاڕ".
فرۆشیارەکەی ناو بازاڕی هەولێر دەربارەی دۆخی ئێستای بازاڕ و نرخەکان ئەوەشی
خستەڕوو، "هێشتا نرخەکان نەهاتووەتەوە سەر دۆخی ئاسایی، بەڵام باشترە و فشاری
خەڵک نەماوە لەسەر بازاڕ، ئەو دۆخەی دروست بوو بەشێکی خەڵک خۆی دروستی کردووە و هەر
دوکانێک ١٥-٢٠ کەس کۆدەبووەوە بۆ کڕینی رۆن و زەیت کە شتێکیش لە بازاڕدا خواستی زۆر
لەسەربوو نرخەکەی زیاد دەکات".
نایف شێخانی لە وەڵامی ئەوەی ئایا لە بازاڕ و کۆگاکاندا بەشی پێویست رۆن و
زەیتی خۆراک و کەرەستەی دیکەی خۆراکی هەیە، وتی: "ئەگەر نەیشارنەوە بەشی پێویست
هەیە و زۆریشی تێدایە".
پارێزگای هەولێر بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان مانگانە
١٧ هەزار و ٥٠٠ تۆن ئارد، هەزار و٩٠٠ تۆن شەکر، هەزار و٨٠٠ تۆن زەیت و رۆن، ٩٥٠ تۆن
نۆک و فاسۆلیا و ٧٥٠ تۆن دۆشاوی تەماتەی پێویستە و بەشی زۆری ئەو کەرەستانەش
دروستکراوی وڵاتانی دیکەن و هاوردە دەکرێن.