سەردێڕ:

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زانیاری نوێ لەبارەی نرخی بەنزینەوە ئاشکرا دەکات

AM:10:10:10/03/2022

9028 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەوانەیە نرخی یەک لیتر بەنزین ببێت بە ١٠٢٥-١٠٥٠ هەتا ئەو ئاستەی هاوڵاتی ناتوانێت بەکاری بهێنێت لەوانەیە بچێتە نزیکی دۆلارێک – واتە ١٤٨٠ دینار.


ئەمرۆ پێنجشەممە، بەرزان محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە خەمساردییەوە مامەڵە بکات کە دڵنیاشم هەروا دەکات ئەوا نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە لەوانەیە نرخی یەک لیتر بەنزین ببێت بە ١٠٢٥ - ١٠٥٠ دینار و هەتا ئەو ئاستەی هاوڵاتی ناتوانێت بەکاری بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لەوانەیە نرخی یەک لیتر بەنزین بگاتە ١٤٨٠ دینار، واتە دۆلارێک.

دەشڵێت، "لەدوای ٣١ ساڵ حکومڕانی کە ئەمە دەبینرێت، دوێنی لە دهۆک دروشمی - بروح بدم نفدیک یا عراق- دەوترێت واتە خەڵک وایلێهاتووە عێراقی لا گرنگترە بەڕاستی نازانم چی بەخۆم بڵێم".

لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین و سوتەمەنییەوە، بەرزان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، دوو هۆکاری زۆر سەرەکی هەیه،‌ یەکەمیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیووە بڕی پێویستی بەرهەمەکانی نەوتی خاو کە بەنزین و نەوتی سپی و گازوایلە بۆ ناوخۆی هەرێم دابین بکات لەبەرئەوە پشتی بە دەرەوەی هەرێم بەستووە هەم ئێران و هەم تورکیا هەم ناوەڕاست و باشوری حکومەتی فیدڕاڵیە لە راستیدا هەموویان کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە.

وتیشی، "دووەمیان کە زۆر لای من نائاساییە حکومەتە کە گوێ ناداتێ، حکومەتێکە بەرنامەی نییە و بیر لە هاوڵاتیانی خۆی ناکاتەوە ئەمانە کەمتەرخەمی حکومەتە، دوو حاڵەتە بابەتێکیان تەکنیکیە کە ئەویش لە دەسەڵاتی حکومەتدا هەیە دەیتوانی لەبری ئەو هەموو باڵەخانەیەی لە سلێمانیدا ئێستا هەیە و تەواو نەکراوە کە ملیۆنان دۆلاری تێچووە هانی وەبەرهێنانی بدایە پاڵاوگەی پێویست لەم ناوچەیەدا بکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "رۆژانە حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت لە هەندێک کێڵگە رێککەوتنی هەیە لەگەڵ کۆمپانیا، سەرۆکی حکومەت دەڵێت 41% مان بۆ دەمێنێتەوە بەڵام کێڵگەی خورمەڵە کێڵگەیەکی کۆنە هیچ پێویستیەکی بە دۆزینەوە و بە دەرهێنان نییە، کۆمپانیای کار دەیبات بەڕێوە، ئەوەی من زانیاریم هەبێت لە مانگی پێشوودا نزیکەی بایی ٣٥٢ ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە لەم کێڵگەیە".

وتیشی، هەموو داهاتی نەوت کە هاتۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ٣٥٠ ملیۆن دینار بووە واتە کێشەکە لێرەدا حکومەتە ئایا لەپشت حکومەتەوە خەڵکێک هەیە کە دەسەڵاتی هەیە و بڕیار لەو شتانە دەدات ئەگەرنا هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە لە بابەتی نەوت و گازی سروشتیدا.

لەبارەی خزمەتنەکردنی شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، ەم دۆخەی لە سلێمانیە بەدڵنیاییەوە بە ئەنقەستە چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارە نەوتەی کە دەیفرۆشێت بێجگە لە غاز هەر بەو پارەیە دەتوانێت زۆر بەباشی مووچەش بدات و خزمەتگوزاریەکانیشی پێبکات بەڵام کە ناکرێت ئەوە بابەتێکی سیاسیە، وەکو دەزانرێت پرسی سەرۆک کۆمار هەیە لە بەغداد و جۆرەها پرسی تر هەیە و باجەکەشی هاوڵاتی ئاسایی دەیدات.

باسی لەوەشکرد، "ئێمە هەرێمێکی دەوڵەمەندین و ژمارەشمان زۆر کەمە شەش ملیۆن نابین، ئەوە ئۆکرانیا دەڕۆژە هەرچی شتە بەسەریدا دەبارێنرێت هەتا ئێستا وەکو ئێمە نرخی سوتەمەنی بەرزنەبۆتەوە لەو وڵاتەدا، زەیت بەو شێوەیە گران نەبووە لە بازاڕدا، گەنم گران نەبووە، ئێمە لە دوو هەزار کیلۆمەترەوە شەڕە لەنێوان دوو وڵاتی تردا کەچی لە بازاڕی سلێمانی و هەولێردا گرانی پەیدابووە، ئێمە ژێرخانێکی ئابوری بەهێزمان نییە ئەوەشی دەستمان دەکەوێت ٣١ ساڵ بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لەم وڵاتە کارنەکراوە کە ئەم وڵاتە ببێت بە دامەزراوە وەکو وڵات".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا و بەشێوەیەکی پلەبەندی نرخی بەنزین دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و لە نوێترین نرخیشیدا دوێنێ یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە شاری سلێمانی بە ١٠٠٠ دینار و لە هەولێریش ١٧٥٠ دیناری تۆمار کرد.

هاوکات، لەژێرکاریگەری جەنگی ئۆکرانیا و روسیا، نرخی خواردەمەنی بەگشتی و بەتایبەتی رۆن و زەیت و ئارد بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەرزبووەتەوە.













گەلەری