سەردێڕ:

لە ناحیەی سیدەکان دەوامی سەرجەم دامودەزگاکانی راگیران

AM:08:30:17/01/2022

28108 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنوری ناحیەکەمان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان و ئەوشەپۆڵە سەرمایەی کەلە ناوچەکەمان هەیە، بڕیار درا ئەمڕۆ بکرێت بە پشوو لە گشت دام و دەزگاکانی میری سنوری ناحیەکە.


ئەمڕۆدووشەممە، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنوری ناحیەکەمان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان و ئەوشەپۆڵە سەرمایەی کەلە ناوچەکەمان هەیە، بڕیار درا ئەمڕۆ بکرێت بە پشوو لە گشت دام و دەزگاکانی میری سنوری ناحیەکەمان.".

 

هەر ئەمڕۆش، پارێزگاری هەڵەبجە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی کە رووی لە پارێزگای هەڵەبجە کردووە، ئەمڕۆ پشووی فەرمیە لەسەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت لە پارێزگای هەڵەبجە.

پێشتریش، قائیمقامییەتی قەزای شارباژێڕ بڵاویکردەوە، "بۆ پاراستنی سەلامەتی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران، بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەفرەی سنوری پەروەردەكەمانی گرتووەتەوە، بریارماندا سبەینێ‌ دووشەممە، دەوامی سەرجەم قوتابخانە و باخچەكانی سنوری پەروەردەكەمان و دیوانی پەروەردەكەمان رابگرین."

لە راگەیاندراوێکدا قائیمقامییەتی قەزای چۆمان بڵاویکردەوە، دوای هاتنی بەفرێکی زۆر لە سنوری قەزاکەمان و هەر چوار ناحیەکان، بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی ڕۆژی دووشەممە، تاوەکو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەفر بارین درێژەی دەبێت و پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەڕێوەبەری ناحیەکان بەپێی دۆخی سنورەکانیان دەتوانن بڕیار لەسەر دەوامی فەرمانگەکانیان بدەن.

لە راگەیاندراوێکدا پەروەردە رانیە بڵاویکردەوە، بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا و ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و سەرما بۆ سنورەکەمان پەروەردەی ڕانیە بەڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ سەلمەتی گیان و تەندروستی و فێرخوازان و مامۆستایان بڕیاریدا کە :

١-ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم باخچەکانی منداڵان لە سنوری پەروەردەی ڕانیە.

٢- ڕاگرتنی دەوام لە بازنەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری پەروەردەی ڕانیە.

لەبارەی تاقیکردنەوەکان ئەوەش هاتووە، بەی لە تەواوی سنوری پەروەردەی ڕانیە تاقیکردنەوەی کۆتای وەرزی یەکەم بەپێی خشتەی ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوە دەچێت و دوا ناخرێت، بەڵام پەروەردەی رانیە قوتابخانەکان لەناو گوندەکان سەرپشک دەکات لە دواخستنی تاقیکردنەوەکان لەئەگەری گۆڕانی کەش و ھەوا.

پەروەردەی پشدەریش دەڵێت، بەهۆی نزم بونەوەی پلەی گەرماو بارینی بەفرەوە، لە سبەینێوە دەوام سەرجەم باخچەکان و بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتی رادەگیرێت.

ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە بازنەی دووەم و سێیەمی قۆناغی بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەیییەکان، لەهەر شوێنێک گرفت و ئاستەنگ بۆ هاتوو چۆی قوتابی و خوێندکار و مامۆستایان دروستبوو، تاقیکردنەوە ئەنجام مەدەن و ڕاستەوخۆ دوای پشوو، تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەنەوە.

قائیمقامیەتی قەزای مێرگسوریش رایگەیاندووە، "بۆ سەلامەتی گیانیقوتابیان و مامۆستایان و روونەدانی ھیچ رووداوێکی نەخوازراو، بڕیاردرا بەوەی سبەی دووشممە، لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنورەکەمان بکرێت بە پشوو و تاقیکردنەوەکان دەچێتە رۆژانی دواتر."

هاوار حەمید بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان رایگەیاند، بڕیارەکە بەهۆی رەوشی کەش و هەوا و شەپۆلی سەرماوە دراوە و سەرجەم باخچە و قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە.

دەشڵێت، کە پشووەکە سبەینێ دەبێت، راگرتنی دەوام باخچەکانی ساوایان و خوێندکارانی پۆلی ١ی سەرەتایی تاوەکو ٣ی سەرەتایی دەگرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

 

کـ ، ئـ

 













گەلەری