هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە خانەقین، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵیان بەناوی (رێبین ستار) دەستگیرکرد و باوکیشی دەڵێت، پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنەکەی تەنها گۆڕینی ناوی دوکانەکەی بێت بۆ زمانی کوردیی.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦، ستار عەبدوڵڵا، باوکی رێبین، لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی وتی، پێدەچێت هۆکاری دەستگیرکردنی کوڕەکەم تەنها بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی بگەڕێتەوە، چونکە ناوی دوکانەکەی کردووە بە کوردیی و هاوکاری خاوەن دوکانەکانی دیکەشی کردووە تاوەکو تابلۆی شوێنکارەکانیان بە زمانی کوردی بنووسن.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمە مافێکی سەرەتایی و ئاسایی
هەر هاوڵاتییەکی کوردە کە لە شارەکەی خۆیدا زمانی دایکی بۆ ناونیشانی کارەکەی بەکاربهێنێت.
لەبارەی شێوازی دەستگیرکردن و شوێنی کوڕەکەی، باسی
لەوەکرد، هێزەکە لە شاری باقوبەوە هاتوون و کوڕەکەیان بۆ ئەوێ گواستوەتەوە، بەبێ ئەوەی
هیچ فەرمانێکی دادوەرییان پیشانبدەن یان هیچ روونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی شێوازی دۆسیەکە و مامەڵەی هێزەکەوە،
ئێستا لە دۆخێکی نائاسودەدان و مەترسی ئەوەش هەیە کە فشاری زیاتریان بخرێتە سەر و
خۆیشی دەستگیربکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە هەڵمەتێک لە خانەقین سەرپێخراوە
دژ بە تەعریبکردنی قەزاکە، بڕیاریش بو ئەمڕۆ خۆپیشاندانێک لەوبارەوە ئەنجام بدرێت،
بەڵام هەڵوەشێنرایەوە.