سەردێڕ:

دەستبەسەر حەوت ملیار دینار و زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاری بەرپرسێکدا گیرا

PM:02:42:31/08/2026

1056 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی، دەست بەسەر حەوت ملیار دینار و پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری دیکەدا گیرا.


ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای تۆمەتباری دەستبەسەرکراو "عەلا موحسین خەلەف"دا گیراوە، کە ناوبراو بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆمەتبار "عەدنان جومەیلی" بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رێگەی شوێنپێهەڵگرتنی داراییەوە، توانراوە دەست بەسەر حەوت ملیار دیناری عێراقی و پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکیدا بگیرێت و بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێندرێنەوە.

هەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر ٣٥ خانووبەرە و شەش ئۆتۆمبێلدا بگرێت کە بەناوی تۆمەتبارەکەوە بوون، جەختیش کراوەتەوە کە رێکارە یاساییەکان بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی دیکە کە لە ئەنجامی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، بەردەوام دەبن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، ماوەی دوو مانگە بەردەوامیی هەیە و ئەم دۆسیەیە پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای گرتووەتەوە کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا و ناوچەی سەوز دەستگیر کراون.













گەلەری