سەردێڕ:

دهۆک؛ بەبێ هیچ دۆسیەیەکی یاسایی پارتی دوو پەیامنێری ئێن ئاڕ تی داوەتە دادگا

AM:10:03:31/08/2026

996 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕاى داخستنى نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تى لە دهۆک و هەولێر و بەبێ بوونی هیچ دۆسیەیەکی یاسایی، ئاسایشی پارتی دوو پەیامنێری ئێن ئاڕ تی داوە بە دادگا و ئەمڕۆ دادگایی دەکرێن.


رۆژی یەکشەممە، ئاسایشى پارتی هەریەکە لە بڕیار نێروەیی و تائیف گۆران پەیامنێرانى ئێن ئاڕ تى لە دهۆک بانگهێشتکرد و ئاگاداریکردنەوە کە لەلایەن ئاسایشى گشتى دهۆکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە.

سکاڵاکان تایبەتن بە چەند راپۆرتێکى پەیامنێرانى ئێن ئاڕ تى لەسەر کێشەکانى بەنزین و غاز و هەندێ پرسی تایبەت بە خزمەتگوزاریی و ئاسایشى دهۆک تۆمەتى هەوڵدان بۆ ئاژاوە نانەوە و تێکدانى بارودۆخى ئەمنى خستووەتە پاڵیان.

ئاسایشى دهۆک پەیامنێرانى ئێن ئاڕ تى ئاگادارکردووەتەوە ئەمڕۆ لەدادگاى دهۆک ئامادەبن بە مەبەستى دادگاییکردنیان.

نزیکەى حەوت مانگە، پارتى نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تى لە هەولێر و دهۆک داخستووە، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.

دواى سێ مانگ لە داخستنى نوسینگەکان، نێچیرڤان بارزانى لەلێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تى داخستنى نوسینگەکانى بە کارێکى نادروست دانابوو، جەختیکردبووەوە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا نوسینگەکان بە داخراویی ماونەتەوە.


 













گەلەری