حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، ئەو ٢٠٠ عومرەکارە کوردەی لە سعودیە گیریان خواردبوو بە رێگەی وشکانی گەڕێندرانەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکەین گەشتەکانیان دوابخەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم وتی، ئەو عومرەکارانەی بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە و نەبوونی گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی مەدینە گیریان خواردبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەلامەتی گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
لەو بارەیەوە کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان لە لێدوانێکدا
وتی، ژمارەی ئەو عومرەکارانە ٢٠٠ کەس بوون و بەهۆی هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان،
لە رێگەی وشکانییەوە گەڕێندراونەتەوە، جەختیشی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە بەردەوامی
لەسەر هێڵ بووە بۆ چاودێریکردنی دۆخیان تاوەکو گەیشتنەوەی خاڵی کۆتایی.
وتەبێژی حەج و عومرە هۆشداریشی دا، تاوەکو بارودۆخی ناوچەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە،
لە ئەگەری نەبوونی فڕۆکەدا، ناچار دەبن عومرەکارانی دیکەش بە رێگەی وشکانی بگەڕێننەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، داوای لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێناو
سەلامەتی خۆیان و دوورکەوتنەوە لە گرفت، لەم کات و ساتەدا گەشتەکانیان بۆ عومرە
دوابخەن تاوەکو بارودۆخی ئەمنی و گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.