سەردێڕ:

مەزڵوم عەبدی: بۆ زامنکردنی سەقامگیریی ناوچەکە؛ هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ دیمەشق

PM:11:46:17/02/2026

1156 جار خوێندراوەتەوە

مەزڵوم عەبدی دەڵێت، لەپێناو زامنکردنی سەقامگیریی ناوچەکە هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ دیمەشق و لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان دەستپێدەکات.


لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی عەشیرەتە کورد و عەرەبەکان لە پارێزگای حەسەکە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، گرنگترین بڕگەی رێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەمیان لەگەڵ دیمەشق،راگرتنی شەڕ و گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، وتیشی، لەپێناو زامنکردنی سەقامگیریی ناوچەکە هەسەدە بە تەواوەتی پابەندی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ دیمەشق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک دواکەوتن لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکاندا هەیە، بەتایبەت لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی حکومەت بۆ سەربازگەکانیان، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو هەیکەلە ئەمنییەی لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە لە ناوچەکەدا هەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە، هاوکات ئەو هێزانەشی هاتوونەتە ناوچەکە، ئەرکیان پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی یەکگرتنە و لە چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی کرداریی ئەو هەنگاوە دەستپێدەکات.

وتیشی، کۆدەنگییەکی گشتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق هاتووەتە ئاراوە و لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی میونشن، بایەخێکی روون بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکانی خۆیان نیشان دراوە.













گەلەری