سەردێڕ:

سێ کوپ قاوە لە رۆژێکدا مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەمدەکاتەوە

AM:08:23:11/02/2026

1228 جار خوێندراوەتەوە

خواردنەوەی دوو بۆ سێ کوپ قاوە لە رۆژێکدا چەندین کاریگەری لەسەر جەستە دروست دەکات.


توێژەران ئاشکرایان کردووە کە خواردنەوەی دوو بۆ سێ کوپ قاوە لە رۆژێکدا رێگەیەکی کاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی بیرچوونەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە کافاین هەوکردن لە مێشکدا کەمدەکاتەوە و یارمەتیدەرە لە سنووردارکردنی کەڵەکەبوونی پڕۆتینە زیانبەخشەکانی بێتا-ئەمیلۆید کە پەیوەندییان بە دابەزینی توانای زانینەوە هەیە.

تیمەکە داتای زیاتر لە ١٣٠ هەزار بەشداربوویان شیکردووەتەوە، لەوانە زانیاری لەسەر خواردنەوەی کافاینیان لە قاوە، چا، خواردنەوە گازییەکان و شوکولاتە.

بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەوانەی زۆرترین قاوەیان خواردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە بە رێژەی ١٨٪ کەمترە بە بەراورد بەوانەی کەمترین قاوەیان خواردووەتەوە.

تێبینی ئەوە کرا ئەوانەی چا دەخۆنەوە زیاتر بە هەمان شێوە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە تا ١٦٪ کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها خواردنەوەی قاوە یان چای بێ کافاین هیچ کاریگەرییەکی پارێزەری نیشان نەداوە، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کافاین پێکهاتەیەکی چالاکە.

هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە خواردنەوەی مامناوەندی قاوە یان چا پەیوەندی بە باشتربوونی توانای مەعریفیەوە هەیە، لەکاتێکدا توێژەران هیچ سوودێکی زیادەیان لەو کەسانەدا بەدی نەکردووە کە بڕێکی زیاتر کافاینیان خواردووە.

دکتۆر دانیال وانگ، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، ڕوونیکردەوە "ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن، بەڵام کاریگەرییەکی تاڕادەیەک کەم نیشان دەدەن، هەروەها چەندین ڕێگەی گرنگی دیکە هەیە بۆ پاراستنی کارکردنی مێشک لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن".

توێژینەوەکە بە تێکڕا بۆ ماوەی ٤٣ ساڵ بەدواداچوون بۆ بەشداربووان کراوە، لەو ماوەیەدا ١١ هەزار و ٣٣ کەس تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوون،نووسەران پێشنیاریان کردووە کە ڕەنگە کافاین سوودبەخش بێت بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی بۆماوەیی بەرز و کەمیان هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە.













گەلەری