سەردێڕ:

کاروانێکی دیکەی زیندانیانی داعش لە حەسەکەوە رەوانەی عێراق کران

PM:01:33:07/02/2026

956 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سێقۆڵی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان، سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، هێزەکانی ئەمریکا سێیەم کاروانی دەستگیرکراوانی چەکدارانی داعشیان لە زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکەی سووریاوە، بە رێگەی وشکانی بۆ عێراق گواستەوە.


ئەمڕۆ شەممە ٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستا توانیویانە دوو هەزار و ٢٥٠ زیندانی بگوازنەوە بۆ زیندانەکانی عێراق و پێشبینیش دەکەن ژمارەیان بگاتە حەوت هەزار زیندانی.

وتیشی، زیندانیەکان هەڵگری رەگەزنامەی سوری و عێراقین و هەندێکی دیکەشیان هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دیکەن و پڕۆسەی گواستنەوەشیان لەژێر هەلومەرجێکی ئەمنیی تونددا و لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە جێبەجێکراوە و دوای گواستنەوەشیان لە زیندانی تایبەت و چاودێریی توندی ئەمنیدا دەستبەسەردەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم کاروانە نزیکەی ٥٠٠ دەستگیرکراو لە خۆ دەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە مانگی یەکی رابردوودا، پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعشی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق ئاشکرا کردبوو.ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق وتی، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار و ٣٨٧ چەکداری داعش کە لەم دواییانەدا لە سووریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە و ئێستاش لە قۆناغی بەدۆکیۆمێنتکردنی زانیارییەکاندان.

 


 

 













گەلەری