سەردێڕ:

مالیکی لەبارەی کشانەوەی لە کاندیدبوون و قسەکەی ترەمپ هاتەدەنگ

PM:09:08:03/02/2026

1068 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکدا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئەو چەواشە کراوە، هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لە کاندیدبوون نیشاندەدات ئەگەر زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری لەسەربدەن.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، "لە کاندیدبوونم بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران ناکشێمەوە و تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوای گفتوگۆیەکی زۆر گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو وەک کاندیدی یەکلاکەرەوە دەستنیشان بکات و رێز لە بڕیاری لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەکە بڕیاری گۆڕینی بدەن، ئەو بەوپەڕی رێزەوە بڕیارەکە قبوڵ دەکات، چونکە بڕیاردانی کۆتایی لە دەستی ئەو هاوپەیمانێتییەدایە.

سەبارەت بە هێرشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مالیكی رایگەیاند، زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە گەیەندراوەتە سەرۆکی ئەمریکا و هەندێک وڵات و لایەن لە رێگەی ناردنی راپۆرتی ناڕاستەوە ویستوویانە رێگری لە کاندیدکردنی بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دەنگۆیەک هەیە کە ئەو تویتەی ترەمپ لە ناوخۆی عێراق و بە دەستی عێراقییەکان نووسرابێت، هەرچەندە تا ئێستا ئەوە بە تەواوی نەسەلمێنراوە.

مالیكی دووپاتی کردەوە، هیچ دەوڵەتێک مافی دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق نییە، بەڵام جەختی لە گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ واشنتن کردەوە.

ئەم لێدوانانەی نوری مالیکی لە کاتێکدایە کە ململانێیە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە ناو ماڵی شیعە و لەسەر ئاستی عێراق گەیشتوونەتە لوتکە.





 













گەلەری