سەردێڕ:

حکومەتی عێراق: گواستنەوەى زیندانیانى داعش بۆ عێراق هەنگاوێکى پێشوەختەیە

PM:10:11:22/01/2026

460 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتى عێراق رایگەیاند، گواستنەوەى تیرۆریستانى داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، هەنگاوێکى پێشوەختەیە بۆ پاراستنى ئاسایشى نیشتیمانی، رێکارە دادوەرییەکانیش لەگەڵ زیندانییەکان دەستیپێکردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، رووداوە خێرا و لەناکاوەکانى سووریا، پێویستى بەوە بوو بڕیارى گرنگ بدرێت و چاوەڕێى داهاتوو نەکرێت.

روونیشیکردەوە، وا پێویست بوو عێراق بڕیارى یەکلاکەرەوە بدات وەک دەوڵەت و حکومەت کە دەتوانێت ئاسایشى نیشتمانیی خۆى بپارێزێت و ئەرکە قورسەکە لە ئەستۆ بگرێت و بیسەلمێنێت دامەزراوە عێراقییە تایبەتمەندەکان دەتوانن بە بەرپرسیارێتى هەڵبگرن.

ئاماژەى بەوەشکرد، هاوڕا نین لەگەڵ هەڵمەتەکانى ترساندن، بەڵام لە هۆکارەکانى تێدەگەن، هیواشى خواست هەڵمەتەکان بگۆڕدرێن بە هەڵمەتى متمانە و ئامادەباشى و سەلماندنى تواناى ئەنجامدانى هەر ئەرکێک کە لە بەرژەوەندى پاراستنى خاکى عێراق و گەلەکەیەتى.

جەختیشیکردەوە، حکومەت بە باشی ئاگاداری خاڵە بەهێز و لاوازەکانە لە بڕیاری لەم شێوەیەدا، بڕیارەکان بەبێ لێکۆڵینەوە نادەن، توانای ئەوەیان هەیە لەوە زیاتر بکەن کە تەنیا دەستبەسەرکردنی زیندانییان بێت.

وتیشی، رێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەستیان پێکردووە، هەر لە راگەیندراوەکەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە تا دەگاتە رۆڵی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکان، کە ئەرکی سەرشانیانە ستراتیجییەکی کارا بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرامبەر ئەو کەسانە دابنێن کە هێنراونەتەوە.













گەلەری