AM:11:29:21/01/2026
1132 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی کرد و کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر زیادکردنی داهاتی نانەوتی، لە رێگەی ئەلکترۆنیکردنی سیستمی باج و گومرگ، تەیف سامی وتی، حکومەتی عێراق سوورە لە جێبەجێکردنی چاکسازیی قووڵی پێکهاتەیی، بە ئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە بودجەی گشتیدا بە کاراکردنی سیستمی باجی ئەلیکترۆنی و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی عێراق وتی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێشوازی لە شاندێکی باڵای بانکی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد و باسیان لە هەوڵە هاوبەشەکانیان کرد بۆ پاڵپشتیکردنی بەرنامەی چاکسازییە ئابوورییەکان کە لە ئێستادا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەچێت و هەروەها فراوانکردنی نەخشەی پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدان لە وڵاتەکەدا.
تەیف سامی ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی دارایی
ئامادەیە کەشێکی گونجاو دابینبکات بۆ وەبەرهێنانە دەرەکی و ناوخۆییەکان لە رێگەی
ئاسانکردنی رێکارە دارایی و بانکییەکان، وە هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆ چالاککردنی
ئاڵوگۆڕی پارە و بازرگانی، بەمەش گەشەپێدانی بەردەوام مسۆگەر دەبێت کە کاریگەری ئەرێنی
لەسەر ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانە دەبێت کە پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکرێت و هاوبەشی
لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ستراتیژییەکە بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووری عێراق.
هاوکات، گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوە جێبەجێکارەکان
بۆ چالاککردنی رۆڵی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی گەشەپێدانی
ئابووریدا لەرێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی بۆ پڕۆژە گرنگەکان کە بەشدارن
لە رەخساندنی هەلی کار و مۆدێرنکردنی ژێرخانی ئابووری، هەروەها بەهێزکردنی کەرتی
تایبەت لە خولی ئابووریدا ئامانجێکی ستراتیژییە، کە هەوڵدەدەن بە هاوکاری لەگەڵ
بانکی نێودەوڵەتی بەدەستیبهێنین بۆ دڵنیابوون لە خۆڕاگریی ئابووریی عێراق و توانای
رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان.