سەردێڕ:

پەیامێک لە مەزڵوم عەبدییەوە؛ ناوچە کوردییەکان هێڵی سوورن

PM:06:32:20/01/2026

1212 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە لێدوانێکیدا رەوشی سەربازیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای بە مەترسیدار وەسف کرد. دەشڵێت، "ناوچە کوردییەکان هێڵی سوورن و بە توندی بەرگرییان لێدەکەن".


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی کانونی دووەمـێ ٢٠٢٦، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هێزەکانیان پاشەکشەیان کردووە بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن و جەختی کردەوە کە پاراستنی ئەم ناوچانە هێڵی سوورە و بە توندی بەرگرییان لێ دەکەن.

ئاشکرای کرد کە کەمپی هۆڵ (کە تایبەتە بە کەسوکاری چەکدارانی داعش) لە ئێوارەی دوێنێوە رووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پاسەوانانی کەمپەکە بەهۆی هێرشی تانک و زرێپۆشەکانەوە، ناچار بە پاشەکشە کراون.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە حکومەتی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی هێرشە چڕەکانی بۆ سەر حەسەکە و کۆبانێ بەردەوامە و ئامادە نییە هیچ دەسپێشخەرییەکی ئاشتی و راگرتنی شەڕ قبوڵ بکات کە لە دوو هەفتەی رابردوودا پێشکەش کراون.

هۆشداری دا لەوەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش لە "شەدادی" و کەمپی "هۆڵ" گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، داواشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی ئەو شوێنانە هەڵبگرن.

مەزڵووم عەبدی لە کۆتاییدا سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە بە وتەی ئەو، رووبەڕووی "کوشتنی سیستماتیکی کوردان" دەبنەوە.













گەلەری