سەردێڕ:

بەفر لە سەنتەری شارەکان دەبارێت؛ بزانە کەی؟

PM:07:34:16/01/2026

2876 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی دەڵێت، لە هەفتەی داهاتوودا جارێکی تر بەفر لە سەنتەری شارەکاندا دەبارێت.


ئەمڕۆ هەینی ١٦ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ١٨ـی ١، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران لە دەریای ناوەڕاستەوە هەرێم دەگرێتەوە و سەرەتاش لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و پاشان لە رۆژی دووشەممە ١٩ـی ١ سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سۆران و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە کە لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین دەبێت و لە سەنتەری پارێزگاکانیش، بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ دەبارێت.

وتیشی، لە ئێوارەی دووشەممەوە ١٩ـی ١، لە ئەنجامی هاتنەخوارەوەی بارستەهەوایەکی سارد لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بۆ سەر دەریای رەش و تورکیا و ناوچەکانی باکووری ئێران و هەرێم، جارێکی دیکە شەپۆلێکی سەرما لە ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵ بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بە لاوازی ئەگەر هەیە لە ئێوارەی دووشەممە تا ئێوارەی سێشەممە، ٢٠ـی ١ بەشێوەی پچڕپچڕ بەفر لە سەنتەری شاری هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و راپەڕین ببارێت، هەروەها ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کەرکوک و باکووری گەرمیانیش ئەگەری هەیە، واتا لە بەرزیی ٤٠٠ مەتر ئاستی رووی دەریا، ئەگەری بارینی بەفر هەیە، بەڵام بەگشتی رێژەی بارینی بەفرەکە کەم دەبێت لە سەنتەری دهۆک، هەولێر، رۆژهەڵاتی کەرکوک و ناوچەکانی باکووری گەرمیان پروشەی کەم دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەنتەری سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و سۆران ناوچە شاخاوییەکان، رێژەکەی زیاتر دەبێت لەنێوان ٢ تا ٦ سم، ئەگەری بارینی بەفر دەبێت و ئێوارەی سێشەممە ٢٠ـی ١، کۆتایی بەو شەپۆلە دێت لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری.

باسی لەوەشکرد، بەگشتی تا کۆتایی مانگ ئەگەری هاتنی چەند شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین دەبێت، بەتایبەت لە کۆتاییەکانی مانگدا، ئەگەری بەهێزبوونەوەی شەپۆلەکانی بەفر و بارانبارین دەبێت ، مانگی یەکی ئەمساڵ بە گشتی مانگێکی ساردتر دەبێت لە ئاسایی.













گەلەری