سەردێڕ:

کاروانێکی دیکەی کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە گەڕانەوە هەرێم

PM:08:23:04/12/2021

2696 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێم.


چۆمان مەحموود پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، ئەمە حەوتەم کاروانی کۆچبەرانی کوردە کە لە بیلاروسیاوە دەگەڕێنەوە هەرێم، کە ئەمجارە لە ٤١٩ کۆچبەر پێکهاتبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، تا ئێستا دوو هەزار و ٩٩٩ کۆچبەری کورد لە وڵاتی بیلاڕوسیاوە گەڕاونەتەوە هەرێم.

لە ماوەی رابردوودا، کۆچی بە لێشاوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا لەرێگای سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵندا دەستیپێکرد و هەزاران کەس لە سەر سنووری ئەو وڵاتە گیریانخوارد و چەند کەسێکیش بەهۆی سەرماوە رەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا.

ساڵانەش، لە زۆرێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیا ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گەنجانی ئەو وڵاتانە بەرەو وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا کۆچ دەکەن، شارەزایانیش هۆکاری کۆچی ئەو هاوڵاتیانە بۆ کەمی رێژەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، نەبوونی هەلی کار، ناجێگریی دۆخی سیاسیی و ئابوری و حکومڕانی دەگەڕێننەوە. 













گەلەری