سەردێڕ:

ترەمپ لەبارەی کۆچبەران و مافی پەنابەرێتی چەند بڕیارێکی دەرکرد

AM:10:30:28/11/2025

564 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەنیازە کۆچكردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بۆ ئەمریكا بەشێوەیەكی هەمیشەیی رابگرێت، ئەوەش رۆژێک دوای رووداوی تەقەكردنی هاوڵاتیەكی ئەفغانی لە دوو سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سۆشیال میدیا نوسیویەتی، کۆچكردن لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بۆ هەمیشە رادەگرم بۆ ئەوەی رێگە بە سیستمی ئەمریکا بدەم بە تەواوی چاکببێتەوە.
هاوكات ترەمپ هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ملیۆنان داواکاری پەسەندکراوی کرد کە لە سەردەمی جۆ بایدن درابوو و دیپۆرتكردنەوەی هەر کەسێک كە شتێكی پێنەبێت بۆ ئەمریکا.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن "کۆچبەرێکی ئەفغانی کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت تەقەی لە دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتۆنی پایتەخت کردبێت، لە ساڵی ٢٠٢١ بەپێی بەرنامەی نیشتەجێکردنەوە هاتووەتە ئەمریکا ".
چەند کاتژمێرێک دوای تەقەکردنەکە، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی بە سەختی، فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی ڕه‌گه‌زنامه‌ و کۆچی ئەمریکی ڕایگەیاند کە دەستبەجێ و تا کاتێکی نادیار کارکردن لەسەر هەموو داواکارییەکانی کۆچکردن کە پەیوەندییان بە هاوڵاتیانی ئەفغانستانەوە هەیە، رادەگرێت.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی، ئیدارەی ترەمپ بازنەی ئەم هەنگاوە فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو داواکارییانەی پەنابەریدا بکرێت کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن پەسەند کراون.












گەلەری