سەردێڕ:

هاوردەکردنی چوار جۆری ئۆتۆمبێل قەدەغە دەکرێت

PM:11:00:26/11/2025

2272 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق وردەکاریی مەرجە نوێیەکانی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئاشکرا کرد و دەڵێت، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان و رێکخستنەوەی هاتووچۆ، رێگە بە هاتنە ناوەوەی چوار جۆر ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو نادرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ دانانی مەرجی نوێی هونەری و ژینگەیی، بەپێی رێنماییە نوێیەکانیش هاوردەکردنی چوار جۆر ئۆتۆمبێل بە یەکجاری قەدەغە دەکرێت کە بریتین لەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی "رووداوی سەخت، نقومبوون(لافاو)، ئاگرکەوتنەوە و تێکچوونی تەواوەتی" بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم رێوشوێنانە رێگریکردنە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خراپ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامەکانە تا لەگەڵ توانای رێگەوبانەکاندا بگونجێت.

سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە وتی، "کۆتایی ئەمساڵ وەک دوا وادە بۆ رێکخستنی مۆڵەتەکانی هاوردەکردن دیاریکراوە، بەڵام مەرجە هونەرییەکان بەپێی داواکاریی ژمارە ١٦٧، لە یەکی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لە مۆدێلی ٢٠٢٥ بەرەو سەرەوە دەگرێتەوە."

ئەوەی خستەڕوو، ئێستا دیراسەی پێشنیارێک دەکەن بۆ کاراکردنەوەی سیستمی "تەسقیت" (لەناوبردن) بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانەی لەگەڵ مەرجەکاندا ناگونجێن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغیی شەقامەکان.













گەلەری