سەردێڕ:

کێ هۆکاری دواکەوتنی مووچەیە؟ دوایین زانیاری لەسەر رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا

AM:11:10:24/08/2025

19916 جار خوێندراوەتەوە

بەغدا ئەوکاتەی مووچەى مانگی پێنجی نارد بە روونی وتی ناردنی مووچەی مانگەکانی تر پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە بەڵام حکومەتى ماوەبەسەرچوو هێشتا خۆی دەدزێتەوە لە داواکارییەکان؛ بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ئەمڕۆ دوو شاندی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بەغدان و بڕیارە لەسەر کەمکردنەوەی بڕی ئەو داهاتە نانەوتییەی کە رادەستی دەکەن؛ کۆببنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٥، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، دوو شاندی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە بەغدان و بڕیارە ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەک بکرێت و یەکێک لە پرسەکانی کۆبوونەوەکان کەمکردنەوەی بڕی ئەو داهاتە نانەوتییەیە کە رادەستی بەغدا دەکرێت.

وتیشی، پرسی کەمکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ دوای مانگی شەشە و پێویستە حکومەتی ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیار دیناری مانگی شەش رادەست بکات تاوەکو بەغدا مووچە بنێرێت.

دەشڵێت، حکومەتی ماوەبەسەرچوو دوو شاندی ناردووە بۆ بەغدا بە ئامادەبوونی کەمال محمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئاوات جەناب وەزیری دارایی، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتیری ئەنجومەنی وەزیران، وە شاندی دووەمیش ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی هەریەکە لە وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکان و دیوانی چاودێری دارایین.

لە کۆبوونەوەکاندا جگە لە داهاتە نانەوتییەکان باس لە راپۆرتی لیژنە هاوبەشەکان بۆ پرسی نەوت و بەبانکیکردنی مووچەش دەکرێت کە دوو مەرجی دیکەی بەغدان بۆ خەرجکردنی مووچە.
ئاشکرایە کە بەغدا ئەوکاتەی مووچەى مانگی پێنجی نارد بە روونی وتی ناردنی مووچەی مانگەکانی تر پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە بەڵام حکومەتى ماوەبەسەرچوو هێشتا خۆی دەدزێتەوەوە لە داواکارییەکانی بەغدا؛ کە 
هەفتەی رابردوو سەرەڕای پابەند نەبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، بەغدا بڕیاری ناردنی مووچەی دا، ئەوەش بە چەند مەرجێک:

یەکەم، ئەو لیژنە هاوبەشانەى لە کۆبوونەوەى ١٧ـی مانگی رابردوو پێکهێنراون لەماوەى هەفتەیەکدا کۆنووسی واژۆکراوی خۆیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکەن، لەسەر بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم (تەوتین) و چارەسەرکردنی کێشەی زیادەرەوی هەرێم لە پشکی خۆی لە بودجە.

دووەم، پابەندکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ.

سێیەم، پێویستە لە هەفتەیەکدا لیژنەی تایبەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێم کارەکانی تەواوبکات و پشکی عێراق لە داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاریبکات و هەرێمیش رادەستیبکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا تەنها مووچەی پێنج مانگ دابەشکراوە و تا دێت حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئاستەنگی زیاتر بۆ ناردنی مووچە درووستدەکات و بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تا ئێستا ١٢٠ ملیارەکە رادەستنەکراوە و تا ئێستاش دەست بە رادەستکردنەوەی نەوت نەکراوە. 













گەلەری