سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەسەر هەناردەی نەوت و مووچەی مانگی شەش

AM:11:06:07/08/2025

51308 جار خوێندراوەتەوە

٤٠ رۆژ تێدەپەڕێت لە وادەی ناردنی مووچەی مانگی شەش و بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببنەوە و لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردولا لەبارەی ناردنی مووچەی هەرێم بگەنە رێککەوتن، بەو پێیەش ئەگەر هەرێم هیچ گرفتێک دروست نەکات تا یەکشەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ـی ئابی ٢٠٢٥، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بە تەواوی تواناوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستیپێکردووەتەوە و تا ئەم ساتە حکومەتی ماوەبەسەرچوو نەوتی رادەست نەکردووە، بەغدا بە ٨٠ هەزار بەرمیلیش رازییە و هەرێم لە ژێر ناوی گەرەنتیکردنی مافی کۆمپانیاکاندا، هێشتا ئامادە نەبووە رادەستی بکات.

هەروەها، كۆمپانیای شاماران کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە و لە هەردوو کیڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ کار دەکات باسی لەوەکردووە، کە لە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمهێنانی نەوت دەستیپێکردووەتەوە، بەشێوەیەک لە کیڵگەی ئەتروش بە تەواوی توانایەوە نەوت بەرهەمدەهێنرێت کە رۆژانە زیاتر لە ٣٠ هەزار بەرمیلە، هەرچی کیڵگەی سەرسەنگیشە لە ئێستادا بە نیوەی توانایەوە بەرهەمهێنانی دەستپێکردووەتەوە.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ تەیف سامی کۆببنەوە، شاندەکەی هەرێم لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ دیوانی چاودێری و داوایانکردووە ١٢٠ ملیارەکە تەنها بۆ مانگی شەش رادەستبکەن و لە مانگی حەوت و مانگەکانی تر کەمتر بدەن.

هەرێم دەڵێت، ٥٠٪ـی داهاتە فیدراڵیەکان رادەست دەکەن، نەک ٥٠٪ـی داهاتی ناوخۆ، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنەکە، دەبوو مانگانە ١٢٠ ملیار دینار بدرێت بە بەغدا تا ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنە هاوبەشەکانیش بەغدا داوای ٥٠٪ـی داهاتی ناوخۆ دەکات نەک داهاتی فیدڕاڵی.

یەکلاکردنەوەی پرسەکەش پەیوەستە بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆوە، ئەگەر شاندەکەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی بگەنە رێککەوتن ئەوا یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە ئەوەیە هەرێم داوای گۆرانکاری لە رێکەوتنەکە دەکات ئەمەش وەک گرفت دروستکردن بۆ مووچە لێکدەدرێتەوە.


 













گەلەری