سەردێڕ:

كرێی كرێكار و كارمەندانی كەرتی تایبەت راگەیەندرا

PM:05:34:05/08/2025

1772 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، حکومەت بڕیاری دا کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و کرێکاری رۆژانەش کرێکەی نابێت لە ١٥ هەزار دینار کەمتر بێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ٥ـی ئابی ٢٠٢٥، بەپێی نووسراوێك كە رۆژی ٣ـی ئەم مانگە دەرچووە و بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی نێردراوە، ئەوە هاتووە لەسەر كۆنووسی لیژنەی كەمترین كرێی كرێكاری ناكارامە، رەزامەندی لەسەر درا كرێی مانگانە و كرێی رۆژانەی كرێكاری ناكارامە.

بەپێی نووسراوەكە، كەمترین كرێی مانگانەی كرێكاری ناكارامە نابێت لە ٤٥٠ هەزار دینار كەمتر بێت، ئەو كرێكارانەشی رۆژانە كار دەكەن، نابێت كرێی رۆژانەیان لە ١٥ هەزار دینار كەمتر بێت.

پێشتر حکومەتی ماوەبەسەرچوو، كەمترین مووچەی مانگانەی كرێكارانی ناكارامەی لە ٢٨٥ هەزار دینارەوە بۆ ٣٥٠ هەزار دینار زیاد كرد و بەو پێیەش بێت ئێستا ١٠٠ هەزار دیناری دیكەیان بۆ زیاد كراوە.

کرێکاری ناکارامە ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە، کە هیچ پسپۆڕی و بڕوانامەیەکیان نییە و یەکەم جاریانە کارێک دەکەن، ئەو کرێکارانە ناگرێتەوە کە شارەزایی و پسپۆڕیی تایبەت و کاری قورسی وەک بیناسازی و ئەوانی دیكە دەکەن.


 













گەلەری