مزگەوتێکی شاری سلێمانی کە ٢٠٠ ساڵە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا ماوەتەوە، ئەمڕۆ بەهۆی گرفتی بێ ئاوییەوە داخراوە و شایەتحاڵانی مزگەوتەکە دەڵێن، حکوومەتی ماوەبەسەرچوو سەرجەم ئاوی کارێزی مزگەوتەکەی بۆ پارکێکی شارەکە گواستووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئابی ٢٠٢٥، بەهۆی گرفتی کەم ئاوییەوە، مزگەوتی کانێسکان لە شاری سلێمانی تەنها نوێژی جەماعەتی تێداکراوە و دواتر دەرگای مزگەوتەکە داخراوە.
یەکێک لە کاسبکارانی نزیک مزگەوتەکە بە ئێن ئاڕ تی وت، بە دیاریکراوتی ١٩٨
ساڵە ئەم مزگەوتە دامەزراوە و مێژووێکی کۆنی هەیە، وە لە ساڵی ٢٠٠٢وە لەوێ کاری
کردووە و هێندەی ئەم چەند ساڵەی دوایی گرفتی بێ ئاوی نەبینیوە، دەشڵێت، ئێستا هاوڵاتییان
ناچارن بەرەو مزگەوتێکی تر بڕۆن کە لێیانەوە دوورە.
وتیشی کەمێک ئاو لە مزگەوتەکەدا کۆگا کراوە، بەمەبەستی بەفیڕۆ نەدانی،
تەنها لەکاتی دەستنوێژدا بەکاریدەهێنن و دوای نوێژەکانیان مزگەوتەکە دادەخەن،
جەختیشی کردەوە "مزگەوت ناکرێت دابخرێت، کاتی خۆی مزگەوت تا درەنگانی شەو
کراوەبوو و ئێستا تەنها بۆ کاتی نوێژەکان کراوەیە. "
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی داخستی ئەو مزگەوتە وشکەساڵییە؛ بێجگە
لەوەش مزگەوتەکە کارێزێکی ئاوی هەبووە و ئێستا وشک بووە. جەختیشی کردەوە، حکومەتی
ماوەبەسەرچوو سەرچاوەی ئاوی کارێزەکەی کردووە بە سێ بەشەوە و دوو بەشی گواستووەتەوە
بۆ پارکی ئازادی سلێمانی، دواتر گوێرەی شایەتحاڵان، سەرجەم ئاوی کارێزەکەی بۆ
پارکەکە گواتستووەتەوە.