سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانـی کوردستان رایگەیاند، تا دوو هەفتەی دیکە پەرلەمان کۆنەبێتەوە پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەبەین، و ئەندامـی پێشووی ئەنجومەنـی پارێزگای هەولێریش وتی، پێویستە لە هەموو لایەکەوە هەوڵی کاراکردن و دەستبەکاربوونی پەرلەمانی حکومەت بدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی نیسانـی ٢٠٢٥، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پارتی و یەکێتی نەتوانن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن چۆن حکومەت دروست دەکەن، و کەنعان خەیلانی، ئەندامـی پێشووی ئەنجومەنـی پارێزگای هەولێریش وتی، پێشنیارەکەی نەوەی نوێ ئەگەر پەرلەمان کۆنەبێتەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەدەن هەنگاوێکی خراپە.
سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی
نەوەی نوێ، ئاماژەی بەوەشکرد، تا دووهەفتەی دیکە پەرلەمان کۆنەبێتەوە پەنا بۆ
هەڵوەشاندنەوەی دەبەین، شەش مانگە هەڵبژاردن تەواوبووە و تا ئێستا پەرلەمان
نەیتوانیوە بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت.
وتیشی، نابێت پەرلەمان
بەمشێوەیە بێت و وەکو نەوەی نوێ پەنا دەبەینەبەر دادگای عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی و
هاوڵاتییان دەنگیاندا بۆ ئەوەی حکومەتێک بێتە ئاراوە لە ئاستی داواکارییەکانیان
بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بارودۆخی
هەرێم بەوە تێکدەچێت رۆژانە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی دیار نەبێت،
پارتی و یەکێتی داهاتی ناوخۆ بۆ خۆیان دەبەن و ناگەڕێتەوە ناو خەزێنەی حکومەت، لە
هیچ شوێنێکدا جیهاندا نییە حکومەتێک بە ئارەزووی خۆی داهات بەهەدەر بدات، نابێت
حکومەت بە ئارەزووی خۆی نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەی هەردوو حزبی دەسەڵات بڕوات و لە
رابردوودا سەلماندوومانە ئەوەی نەوەی نوێ دەیکات فشار نییە کردارە.
هەروەها، ئەندامـی
پێشووی ئەنجومەنـی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەکرد، پارتی و یەکێتی دەتوانن ئەم
هەرێمە زۆر بە باشی بەڕێوەببەن، ئاسایییە حکومەت کاربەڕێکەر بێت، ناکرێت حکومەت بچێتە
ماڵەوە هەتا پارتی و یەکیتی رێکدەکەون بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
دەشڵێت، وەکو پارتی رێز
لە بۆچوونی هەموو لایەنەکان دەگرن و پارتی و یەکێتی گەشتوونەتە قۆناغی کۆتاـی و
رێککەوتن لەسەر پۆستەکانـی حکومەت.