بەرپرسێکی باڵای پارتی لە سنووری دهۆک، لەسەر ناوی هاوڵاتییەک هێرشی کردە سەری و بە سەختی ئەو هاوڵاتییە و دوو کەسی دیکەی بریندار کرد و نەخۆشخانەی گوڵانیش لە ئاکرێ بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، دۆخی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانـی ٢٠٢٥، بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە رووداوەکە بەم جۆرە بووە، ئەو بەرپرسەی پارتیماوەی ساڵێکە گێچەڵی بە کەسێک کردووە کە هەمان ناوی ئەمی هەبووە و پێی وتووە دەبێت ناوەکەت بگۆڕیت و قبوڵی ناکەم هەمان ناوی منت هەبێت بەڵام ئەو هاوڵاتییە قسەی بەرپرسەکەی پارتی رەتکردووەتەوە.
هاوکات، ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەو بەرپرسەی
پارتی لەسەر هەمان بابەت گێچەڵی بەو هاوڵاتییە کردووەتەوە، لە ئەجامدا دەمەقاڵێ و
شەڕ دروست بووە و بەرپرسەکەی پارتی بە دەمانچە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەسە و چەند
کەسێکی دیکە کە لەگەڵیدابوون و بە گولە برینداری کردوون.
بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گوڵانیش لە
ئاکرێ بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لە شەڕەکەدا زیاتر لە ٥ کەس برینداربوون و سێ لە
بریندارەکان گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە یەکێک لە
بریندارەکانیان رەوانەی هەولێر کردووە و یەکێکی تریشیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی
دهۆک کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دەیان بەرپرسی پارتی و
یەکێتی تۆمەتبارن بە کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی بێ تاوان، بەڵام بەهۆی
تەسکییەی حیزبییەوە لەلایەن ئەو جوت حزبەوە داڵدە دراون و رادەستی یاسا نەکراون.