پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی رووناکی سودێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و بە هەزاران موەلیدە دەکوژێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانـی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، موەلیدەکانی گەڕەکەکان پێویستیان بە ئاوێکی زۆر هەیە، دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئەو ئاوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتیان و نرخەکەی بەجۆرێک دیاری دەکرێت بە دڵی هاوڵاتیان بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی خزمەتگوزارـی لە گەڕەکە دێرینەکانـی
هەولێر کارێکی قورسە و لە گەڕەکە نوێیەکانی هەولێر دەتوانین شوێنی باخچەو
خزمەتگوزارـی دیاری بکەین.
باسی لەوەشکرد، لە دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری شوێنی هەندێک ناوچە لە
بەرچاو گیراوە و لە داهاتوودا دەبنە گەڕەکێک لە هەولێر و شەقامەکە ئاسانکاری زۆر بۆ هاتووچۆکاران دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی کەمی باران بارین و بەفرەوە هاوینی ئەمساڵ زۆر
سەخت دەبێت و ئەمساڵ گرفتی ئاو لە هەولێر بەیەکجاری و بە رێژەی ١٠٠ لە سەد چارەسەر
دەبێت.
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت، لای ئێمە هەرێمی کوردستان
یەک زۆنە و جیاوازی نیە لە نێوان هاوڵاتیانی ناوچەکان.
دەشڵێت، لە هەولێر هیچ بەرپرسێک بۆی نیە بستێک زەوی داگیر بکات و دەشڵێت، بەرپرس هەیە بازرگانی دەکات و پشکی هەیە لە کۆمپانیاکان.