عێراق و هەرێم، دۆخی ئاڵۆزی زیاتر لەپێناو چی؟
PM:12:48:29/03/2026
1180 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+
-
دۆخی ناوچەکە دەکوڵێت، عێراق لە نێوەڕاستی جەنگی
ئێران / ئیسرائیل _ ئەمریکادایە، هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم لەبری ئەوەی
لەسەر مێزێکی خڕ کۆببنەوە و پلان بۆ دوورخستنەوەی پیلانەکان دابڕێژن و وڵات لە
ئاگری شەڕەکە پارێزراو بکەن، کەچی هەریەکە و لە سوچێکەوە وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی
سەیر دەکات بزانێت چی دەگوزەرێت!
هیچکام لەو هێزانە نەک لە ئاست بەرپرسیارێتیی دۆخەکەدا
نین، بەڵکو هەریەکیان هۆکارێکن لەو ئاژاوە و پشێوی و بێسەروبەرییەی لە ئاسایشی وڵات
ڕوو دەدات، ململانێی ئەوان لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتەکان و دوور لە ئەجێندا نیشتمانییەکان
هەموو هۆکاری سەرەکین بۆ ئەو ناسەقامگیرییەی کە خەریکە ئاسایشی وڵات دەخاتە ژێر
پرسیارەوە. چڕی و زۆری بۆردومانی درۆنەکان و مووشەک و دەستدرێژییەکانی وڵاتانی شەڕکەر
بۆ سەر پێگەی هێزە سەربازی و گرووپەکان لە ناوچە جیاوازەکان، بێدەنگی و ئیفلیجبوونی
دامەزراوە حکومییەکان لە عێراق و هەرێم لە دۆخی ئاوا قورسدا، چاوەڕوانکراوە ببێتە
دەرفەتێکی زیاتر بۆ ئەو هێز و گرووپانەی لە ژێر چەتری یاسا دەرچوون، ناسەقامگیری و
دۆخی ئاسایش تێک بدەن، یان هەر لایەن و وڵاتێک بیەوێت دەرفەتی دوورەپەرێزیی هێز و
لایەنە سیاسییەکانی لە عێراق و هەرێم، بقۆزێتەوە و دەستی ئاژاوەی درێژ بکات.
ئەوەی وا دەکات عێراق و هەرێم، لە لێکەوتەکانی
شەڕی ناوچەکە پارێزراوتر بێت و کاریگەرییەکانی کەمتر بن، ئاسایشی وڵات بەرەو خراپی
نەڕوات، هەستکردنی ئەو هێز و لایەنانەیە بە کورد و عەرەب، بە شیعە و سووننە و سەرجەم
کەمایەتییەکان، بە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، لەسەر مێزی
گفتوگۆ تاوتوێی دۆخەکە بکەن درزی نێوانیان بشارنەوە و خەمی وڵات و ئاسایشی وڵاتەکەیان
لە ئەولەوییەت بێت.