تەحلیل بەدڵی سوڵتان..!
PM:02:20:29/03/2026
1368 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
لەو کاتەی ئەم جەنگە لە نێوان زلهێز و ئیمپراتۆرەکاندا
هەڵگیرسێنراوە، چاودێر و شارەزای باش هەیە لە شاشەکانەوە تەحلیل دەکەن، بەشێکی زۆریان
خۆیان ماندوو دەکەن بۆ ئەوەی، ئەو زانیاری و حەقیقەتانەی بێ هیچ پاساوێک لە پشتپەردەکانەوە
ئاگایان لێیەتی بیخەنە ڕوو و بگات، تا خەڵکی ئاسایی بەرچاوی ڕوونتر بێت، بەڵام بەشێکی
دیکەش بە هەمان شێوەی پێشوویان بەردەوامن لە تاریکاندنی حەقیقەت و زانیاری چما کاتی
جەنگیش بێت...! ئەمانە گروپێکیان تەنها دەیانەوێت بەدڵی سوڵتان قسە بکەن و گروپێکی
دیکەیان نایانەوێت دڵی سوڵتان بە بینینی ڕاستی و حەقیقەتە شاراوەکان نیگەران و دڵتەنگ
بێت، هەیانە لەبەر تۆمەتبارنەکردنی بە خیانەت و جۆرەها پاساوی تر ئەوەشی دەیزانن
نایڵێن.
چ ئیمپراتۆر و خەلیفە و پادشایەک لە مێژوودا، لە
نموونەی ساسانی و ڕۆمانییەکان، دواتر ئیسلامییەکان، ئەو جۆرە واعیزەیان زۆر لە دەور
بووە، بە شێوەیەک تیاچوون بوونەتە پەند و عیبرەت، ئەو پادشا و دەسەڵاتەشی حەزی لە
زانینی حەقیقەت بووە چ لە کاتی جەنگ و شێنەییشدا، کەمترین واعیزى لەو جۆرەی لە دەوروبووە
و خۆی چووەتە ناو خەڵکی و بەرەکانی جەنگیشەوە تا بزانێت چ ڕوودەدات و دۆخی ڕاستەقینەی
جەنگ و حاڵی خەڵکی چییە و چۆنە..!
مێژوو پێمان دەڵێت، هاروونە ڕەشید و زۆرینەی خەلیفەکانی
سەردەمی عەباسییەکان، دوژمنی زانینی حەقیقەت و ڕاستی بوون، ئەوەی ڕاستی پێ بوتنایە
سزای دەدان، ئەوانەشی درۆیان بەسەردا بڕژانایە ئەوانیش لە پارەی بەیتولمال ناز و نیعمەتی
ئەم دونیایەیان بەسەریاندا دەڕژاند، هەر بۆیە لە سەردەمەکانیاندا، هەمیشە لە کاتی
جەنگ و ئاشتیدا ڕاستی و حەقیقەت دەشاردرایەوە، ئەمەش بۆ دەسەڵاتدارانی ئەم سەردەمە
درێژ بووەتەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سیستم و دامەزراوەی حکومڕانی تێدا لاوازە و
هەژموونی پاڵەوان و بنەماڵە فەرمانڕەواکان ڕۆڵ دەگێڕن.
هەمیشە لە دۆخی جەنگدا، حەقیقەت و ڕاستی ئەو
دوو چەمکەن زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە دەشێوێنرێن، گەر سوڵتانەکان لە کاتی شێنەییدا
بە جۆرەها ڕێگە سەریان لە خەڵکی ئاسایی شێواندبێت تا پێی نەگەن، ئەوا لە دۆخی جەنگدا
و بە پاساوی جۆراوجۆر، زۆر لەوە زیاتر دەکەن تا بیشارنەوە، هەر بۆیە دەبینین لەسەر
شاشەکان ناتوانین لە تەحلیلێکی ڕوون تێ بگەین بە دەگمەن نەبێت، چونکە ئەوانەی ڕاستی
ڕووداوەکانی پشتپەردە دەزانن و ئاگایان لێیەتی هەمیشە لە سوڵتانەکانەوە نزیکن، جا
سوڵتان لە دژی کێ بێت، ئیدی ڕاستی و حەقیش لەسەر زاری ئەو واعیزانەوە دەبێت لە دژی
ئەو بێت، هاوپەیمانی کێ بێت، ئەو بەرەیە براوەیە و ئایندەی گەشە، ئیدی گرنگ نییە لەسەر
ئەرزى واقیع کێ دەدۆڕێت و دۆڕاوە و قوربانییەکان چەندن و کێن و چین، ئەوانەشی دەتوانن
ڕاستییە شیرینەکانی کاتی جەنگ بڵێن، پێدەچێت پێشتر تاڵاویان بە قوڕگدا کرابێت و لە
سوچێکی بێ ئومێدیدا تەنها وەک تەماشاکەر بمێننەوە.
ئەحمەد خالیدی نووسەری بەناوبانگی عەرەب دەڵێت
"ئەگەر دەتەوێت بزانیت کێ ڕاست دەکات، سەیری شاشەکان مەکە، سەیری ناو گیرفانی
ئەو کەسە بکە کە خەریکی لێکدانەوەی جەنگەکەیە".
هەمووشمان دەزانین کێ گیرفانی واعیزەکانی جەنگ
و پێش جەنگ و پاش جەنگ پڕ دەکات، مەگەر ئەو سوڵتانە نییە کە عەلی وەردی دەڵێت، حەزیان
بە جەنگە چونکە لە کاتی جەنگدا حەقیقەت، کپ دەبێت و تەنها دەنگی 'تەپڵی شەڕ' دەبیسترێت،
لەوێدا کەس ناپرسێت، بۆچی ئێمە لە دۆخێکدا دەژین مایەی بەزەیین، بەڵکو دەپرسن چۆن
سوڵتان پارێزراو دەبێت و کەی دوژمنەکانمان تێکدەشکێنرێن، حەتمەن ئەو دوژمنەی سوڵتان
دروستی دەکات و وێنەی دەکێشێت، گرنگ نییە کێ بێت، گرنگ ئەوەیە هەمووان لە دژی بن
مادام سوڵتان لە دژیەتی.
کەمن ئەو سوڵتانانەی لە کاتی جەنگدا ئامادە
بوون، ئەوەی حەقیقەتە بە میلەتەکەیان بڵێن و خۆشیان بکەنە قوربانی بۆیان بۆ ئەوەی
لە بەڵا و نەهامەتی شەڕ و جەنگ بەدوور بن، چونکە ئەو جۆرە سوڵتانانە جەنگیشیان وەکو
بازاڕێک سەیر کردووە بۆ چنینەوەی دەستکەوتێک و زەلیلکردنی زیاتری خەڵکەکەیان، زۆریشن
ئەوانەی لە چرکەساتی کۆتاییەکانی جەنگیشدا ئامادە نەبوون هیچ بڵێن و واعیزەکانیان
لەسەر شاشەکانەوە بەردەوام بوون لە پاڵەوان پیشاندانیان، تا ئەو کاتەی دوا دیمەن
هات و خەڵکی گەیشتنە سەر پەیکەرەکانیان.