سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی لیستی نوێی دابەشکردنی موچەی بڵاوکردەوە

PM:02:46:08/11/2021

59056 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، دوای گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکە لە بەغداوە بۆ ھەرێم، لیستی دابەشکردنی موچەی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، دوای ئەوەی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێم، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لیستێکی نوێی دابەشکردنی موچەی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی لیستە نوێیەکە، سبەینێ سێشەممە رێکەوتی ٩ی ١١ی ٢٠٢١ هەریەک لە وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و موچەی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی داد و سامانە سروشتییەکان و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پلاندانان و پیشەسازی وبازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن و چاودێری دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و دەستەی ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی دەستپاکی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێن.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠ی ١١ی ٢٠٢١ موچەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و رۆشنبیری و لاوان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و خانەنشینی پێشمەرگە دابەشدەکرێن.

هەر بەگوێرەی لیستە نوێیەکەی وەزارەتی دارایی، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١١ی ١١ی ٢٠٢١ موچەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و خانەنشینی شارستانی دابەشدەکرێن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمرۆ فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌ ئێن ئاڕ تی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ‌ ٢٠٠ ملیار دیناره‌كەی بەغدا بۆ هەرێم نێردرا.

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەکاتی گەیشتنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لیستی دابەشکردنی موچە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەمڕۆ دووشەممە موچەی مانگی ١٠ی دەزگای ئاسایش دابەش دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی لە ٢٥ی مانگی ڕابردووەوە دەستی بەدابەشکردنی مووچە کردووە، بەڵام پرۆسەکە بەشێوەیەکی سست بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا نزیکەی ٩ وەزارەت موچەیان وەرنەگرتووە.

ھەرچەندە وەزیری دارایی و بەرپرسانی حکومەت ئەو سستییە لە دابەشکردنی مووچە بۆ ھۆکاری جیاجیا دەگەرێننەوە، بەڵام بەوتەی بەشێک لە پەرلەمانتاران، حکومەتی ھەرێم سەرقاڵی دانەوەی قەرزەکان بووە، بەتایبەت قەرزەکانی دانەغاز و کێشەی کۆکردنەوەی داھاتی نەبووە.













گەلەری