سەردێڕ:

سێ فڕۆکەخانەی نوێ لە عێراق دەکرێنەوە

PM:08:36:22/01/2025

2640 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، سێ فڕۆكه‌خانه‌ی نوێ لە عێراق ‌ بەشێکی زۆری کارەکانی کۆتایی هاتووە. دەشڵێت، كۆتایی ئه‌مساڵ یاخود سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٦ ته‌واوده‌كرێن و گەشتی ئاسمانیان تێدا دەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، باقر ساعدی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، خێرایی لە كاركردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی موسڵ و ناسریه‌ و كه‌ربه‌لا، به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو گه‌یشتوه‌ته‌ ٦٠٪ ره‌نگه‌ له‌مساڵدا یان سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٦ هه‌رسێ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بکرێنەوە و دەست بە گەشتە ئاسمانییەکان بکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كاره‌ به‌رده‌وامه‌كان بریتین له‌ ته‌واوكردنی ژێرخانی پێویست و بناغه‌كانی كارپێكردن، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی له‌ عێراق، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی گه‌شتیاران، چ بۆ گه‌شتیاری بێت یان بۆ بازرگانی ئابووری و بازرگانی".

وتیشی، "ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئاسانكاری هاتوچۆی ئاسمانی، هاوكات فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لا فشاره‌كانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف كه‌م ده‌كاته‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ملیۆن سه‌ردانكه‌رانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ رووی تێده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ ببێته‌ وێستگه‌یه‌كی دیاری ناوچه‌یی".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "فڕۆكه‌خانه‌ی ناسڕیه‌ گرنگییه‌كی ئابووری گه‌وره‌ی هەیە‌ له‌گه‌ڵ بووژانه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی كێڵگه‌ نه‌وتی و گازییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش چالاكی ئابووری و گه‌شتیاری و بازرگانی به‌رز ده‌كاته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شكرد، زیادكردنی ئه‌م فڕۆكه‌خانانه‌ ئاسانكاریه‌كی گه‌وره‌ بۆ كه‌رتی فڕۆكه‌وانی له‌ عێراقدا ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌روه‌ها به‌شدار ده‌بێت له‌ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتیكردنی ئابوری نیشتمانی".













گەلەری