سەردێڕ:

ئۆپیک: ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات

PM:07:25:22/01/2025

1132 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێری گشتیی رێكخراوی (ئۆپێك)، پابه‌ندبوونی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ سه‌قامگیری بازاڕه‌كانی نه‌وتی جیهانی دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌مساڵدا رێژه‌ی خواستی جیهانی له‌سه‌ر نه‌وت ملیۆنێك و ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا زیاد ده‌كات.


ئەمرۆ چوارشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، هه‌یسه‌م غه‌یس، سکرتێری گشتی ریکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند، له‌ ساڵی ٢٠٢٥ـدا خواست له‌سه‌ر نه‌وتی جیهان زیادی کردووە به‌ بڕی ملیۆنێك و ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا و پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەهەمان شێوە بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، به‌رهه‌می جیهانی نه‌وتی خاو له‌ ساڵی ٢٠٢٤ گه‌یشتوه‌ته‌ نزیكه‌ی ١٠٣ ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، كه‌ به‌راورد به‌ به‌رهه‌مهێنانی ساڵی ٢٠٢٣ نزیكه‌ی ملیۆنێك و ٩٠٠ هه‌زار به‌رمیل زیادیكردووه‌.

وتیشی، "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م چاوه‌ڕوانییه‌كانمانن بۆ گه‌شه‌ی خواست له‌ ساڵی داهاتوودا، بێگومان ئه‌مه‌ گه‌شه‌كردنه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانه‌، ستراتیژی به‌رهه‌مهێنانمان هه‌میشه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرێت كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌شه‌ی خواست چییه‌، چاوه‌ڕوانییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری ده‌بن".

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیریی بازاڕی نه‌وتی جیهانییه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌كانی گروپه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نەیە‌ به‌ بارودۆخی ئابووری جیهان‌، لیژنه‌ی هاوبه‌شی وه‌زاریش بۆ چاودێریكردنی بازاڕ كه‌ هه‌ر دوو مانگ جارێك كۆده‌بێته‌وه‌، رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاڕاسته‌ی بازاڕ.













گەلەری