PM:09:59:05/01/2025
4160 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا دەیەویست مەدالیای رێزلێنان پێشکەشی لیۆنێل مێسی یاریزانی ئەرجەنتینی بکات، بەڵام مێسی ئامادە نەبوو لە مەراسیمەکەدا، یانەکەشى بەهانەى بۆ هێناوەتەوە و وتویەتى مێسى زۆر سەرقاڵ بووە، بەڵام دەرکەوت یاریزانەکە هێندەش سەرقاڵ نەبووە، وردەکاریی چیرۆکەکە لەم راپۆرتەدایە
ئامادەنەبوونی لیۆنێل مێسی یاریزانی ئەرجەنتینی بۆ وەرگرتنی مەدالیای رێزلێنانی سەرۆکی ئەمریکا بووەتە باس و خواسی میدیا جیهانییەکان و هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە بە ئامادەبوونی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا مەراسیمی پێدانی مەدالیای رێزلێنان بۆ ١٩ کەسایەتی لە کۆشکی سپی رێکخرا کە مێسی یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی لە لیستەکەدا بوو.
ئەوەی بووە جێی سەرنجی میدیاکان ئەوە بوو
مێسی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا نەکرد و تەنانەت هیچ کەسێکیشی نەناردبوو خەڵاتەکە
وەربگرێت، هەر زوو دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی ئینتەر مەیامی کە لە ئێستادا میسی
یاری بۆ دەکات راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەهانەی بۆ ئامادە نەبوونی مێسی
هێنایەوە و وتبووی، مێسی زۆر سەرقاڵ بووە و بەهۆی خشتەی یارییەکانییەوە
نەیتوانییەوە لە مەراسیمەکە بەشداربێت، ئەگەرنا ئەوان سوپاس و پیزانینیان بۆ
سەرۆکی ئەمریکا هەیە و خەڵاتەکەیان بەرز دەنرخێنن.
دوای چەند کاتژمێرێک چەند وێنەیەکی مێسی لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و دەرکەوت کە لە شاری ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین کە
شوێنی لەدایکبوونەکەیەتی لەگەڵ هاوڕێکانی منداڵی سەرقاڵی کاتبەسەربردن و یاری خۆشی
بووە کە ئەمەش لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە وەک خەمساردییەکی ئەو یاریزانە
بەرامبەر بە خەڵاتێکی لەو چەشنە لێکدرایەوە.
خەڵاتەکە بەمەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی ئەمریکا ناسراوە و ساڵانە دەدرێت بە
کەسایەتییە مەدەنییەکان. میسیش یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی لەپای بەرەوپێشبردنی
یانەى ئینتەر میامی و باشترکردنی ناوبانگی وەرزشی ئەمریکا ناوی لە لیستەکەدا
تۆمارکراوە.