چین دۆزینەوەی گەورەترین کانگای زێڕی لە مێژوودا لە هەرێمی هونان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە ئاشکراکرد، کە بڕەکەی بەزیاتر لە ٣٠٠ تەن مەزەندەکراوە و قەبارەکەی هەشت هێندەی قورسایی پەیکەری ئازادی دەبێت لە ئەمریکا.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چین بڵاویان کردەوە، کانگا زێڕەکە دەکەوێتە کێڵگەی وانگۆ لە هەرێمی هونان لە ناوەڕاستی چین، کە بەوتەی پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی ڕەنگە زیاتر لەو بڕە زێڕەی تیادا بێت کە ڕاگەیاندراوە و ئەویش زیاتر لە ٣٠٠ تۆنە.
بڕی ئەو زێڕەش کە لە کانگەکەدا دۆزراوەتەوە ٨
جار لە قورسایی پەیکەری ئازادی لە نیویۆرک قورسترە، بەو پێیەش کە هەر تەنێک بڕی
١٣٨ گرام لە زێڕی خاوی لەخۆگرتووە، بەهای کۆی زێڕە دۆزراوەکە بە نرخی ئێستا بە نزیکەی
٨٣ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
کێڵگەکەش یەکێکە لە گرنگترین کانەکان لە چین و
وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕ لە جیهاندا، لەگەڵ
ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی کانە زێڕەکەش نرخی ئونسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ نزیکەی
دوو هەزار و ٧٠٠ دۆلار بەرزبووەوە.
چین تا ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٠٪ ی بەرهەمی زێڕی جیهانی
بەرهەمهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سێ هێندەی ئەو زێڕەی بەرهەمی دەهێنێت بەکاری دەهێنێت،
کە ئەوەش وایکردووە پشت بەهەناردەی زێڕ ببەستێت لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، بە
تایبەتی لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا و باشوری ئەفریقا.
هەر بۆیە پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەگەر چین تەواوی
بڕە زێڕەکە دەربهێنێت، ئەوا پێداویستی ئەو وڵاتە لەو کانزا زەردە بۆ ماوەی نزیکەی
ساڵێک و چوار مانگ پڕدەکاتەوە.
هەرچۆنێک بێت کانزا زەردەکە بە بەنرخترین و
متمانەپێکراوترین سامانە لە جیهاندا کە وەبەرهێنەرەکان لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا ڕوو
لە کڕینی دەکەن، لە مساڵیشدا بەهاکەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و پێشبینیشکراوە لە
ساڵی داهاتوودا بەهاکەی بەرزتربێتەوە.
پێشتر باس لەوە دەکرا، کە ڕەنگە بەرهەمی زێڕ لە
جیهاندا بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام ئەو دۆزینەوەیە وایکرد ئەو بڕوایە دروست بێت کە
هێشتا زەوی یەدەگێکی گەورەی شاراوەی لە زێڕ لە ناخیدا هەڵگرتووە.