سەردێڕ:

ئەڵمانیا زیاتر لە ٤٠ پەنابەری کوردی ناردەوە بۆ بەغدا

PM:11:32:28/11/2024

3336 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئین ئاڕ تی، ئەمڕۆ ئەڵمانیا زیاتر لە ٤٠ پەنابەری کوردی دیپۆرتی بەغدا کردووەتەوە و یەکێک لەو پەنابەرانەش ئاماژەی بەوە کرد، "بە زۆرەملێ دیپۆرت کراوینەتەوە".


بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ ئەڵمانیا لە چوارچێوەی پاراستنی سنورەکانی و کەمکردنەوەی کۆچبەری نایاسایی زیاتر لە ٤٠ پەنابەری کوردی دیپۆرتی بەغدا کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەڵمانیا دەستی کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە کێشەیان هەیە و پێشتر مافی پەنابەرێتیان رەتکراوەتەوە یان تاوانبارن.

ساڵی رابردوو، ئۆلاف شوڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکاندا ڕایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤ـەوە ئەو یارمەتیە داراییانەی دەدرێنە پەنابەران کەمدەکرێتەوە ک بە (پارەی سۆشیاڵ) ناسراوە، هەروەها خاڵەکانی پشکنین لەسەر سنورەکان لەگەڵ پۆڵەندا و چیک و سویسرا زیاتر دەکرێن. لەو چوارچێوەیەشدا، ئەڵمانیا نزیکەی ١٠٠ پەنابەری عێراق کە زۆرینەیان کورد بوون بە زۆرەملێ و بە فڕۆکەی تایبەت رەوانەی بەغدا کردەوە.

بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا پێیان وایە یەکێک لەو هۆکارانەی کە پاڵ بە کۆچبەرانەوە دەنێن بێنە وڵاتەکەیانەوە داوای پەنابەرێتی بکەن ئەو (پارەی سۆشیاڵ) یە کەبە بەراورد بە وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا زۆر زیاترە، تەنانەت هەندێکیان پێشنیازیان کردووە لەمەودوا هیچ بڕە پارەیەکی سۆشیال نەدرێتە پەنابەرە نوێیەکان.

ئەڵمانیا دەیەوێت بەو هەنگاوانە ڕەونەقی ئەو وڵاتە لەبەردەم خواستی پەنابەرەکان بۆ نیشتەجێبوون تیایدا کەمبکاتەوە و ئاستنەگ لەبەردەمیاندا دروست بکات.













گەلەری