سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی ناردنی مووچە لە بەغداوە

PM:12:09:09/11/2024

22124 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار رایگەیاندووە، شاندی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەغدان و گفتوگۆکان لەبارەی مووچە بەردەوامن. دەشڵێت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا چەردەی یەکەمی مووچە رەوانەی هەرێم بکات.


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک بە ئاژانسی بەغداد ئەلیەومی راگەیاندووە، شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و گفتوگۆکانی شاندەکە لەگەڵ دیوانی وردبینی لە وەزارەتی دارایی سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٠ـی هەرێم بەردەوامن.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی ئەو پارەیەی کە حکومەتی کاربەڕێکەر داوای دەکات بۆ مووچە زیادی کردووە و هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ دواکەوتنی مووچە لە بەغداوە، بەدەر لەوەش کێشە لە رادەستکردنی بڕی دیاریکراوی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە بوون.

وتیشی، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا چەردەی یەکەمی مووچەی مانگی ١٠ رەوانەی هەرێم بکات کە بڕەکەی زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە و تا کۆتایی هەفتە تەواوی پارەکە دەنێرێت. 

دوێنێش چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دواى دووجار ناردنى لیستى مووچە، چاودێرى دارایی عێراق وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى ١٠ـی هەرێم تەواوکردووە.

ئێن ئاڕ تى ئەوەشى زانیبوو، کە حکومەتى کاربەڕێکەر بۆ مووچەى مانگى ١٠ داواى ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دینارى کردووە، بەبێ ئەوەى هیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەوە بدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی نووسراوێک دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە بدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی تەموویلی مووچە دوانەکەوێت بەڵام هەرێم پابەند نییە و هەر جارە و بەبیانوویەک ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دوادەخات.


 














گەلەری