سەردێڕ:

تەندروستیی فەڵەستین: ژمارەی گیانلەدەستدان ٤٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

PM:07:16:30/10/2024

848 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی غەززە بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەتەنها لەمڕۆدا هێزەکانی ئیسرائیل پێنج کۆمەڵکوژییان بۆ سەر دانیشتوانی غەززە ئەنجام داوە و بەهۆیەوە ١٠٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٨٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی دوایین ئامارەکان لە سەرەتای جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٤٣ هەزار و ١٦٣ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١٠١ هەزار و ٥١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.

سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.













گەلەری