رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە بۆردوومانی مووشەکدا گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چاوگێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، چەند
مانگێک پێش رووداوەکە بۆمبەکە براوەتە ئەو ژوورەی هەنیە لێ ماوەتەوە لە میوانخانەیەک
لە ئێران و دواتر لە دورەوە بۆمبەکە تەقێندراوەتەوە.
بەرەبەیانی دوێنێ، بزوتنەوەی حەماس لە
راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.
دواتر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت،
"کوشتنی هەنیە تیرۆرێکی سیاسی قبوڵنەکراوە".
هاوکات، خامنەیی رایگەیاند، هەنیە لە خاکی ئێراندا کوژراوە و ئەو وڵاتە
بەرپرسیارێتی تۆڵەکردنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت و بێدەنگ نابێت و دواتر رۆژنامەی
نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، عەلی
خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای
ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا داوای کردووە وڵامی ئیسرائیل بدەنەوە.