وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لینکی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ی بڵاوکردەوە. دەشڵێت، "دووسبەی لینەکەکە کارا دەبێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا لینکی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی هەینی لینکەکە کارا دەبێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا لینکەکە کار نەکات چونکە ئەنجامەکان رانەگەیەندراون و رۆژی هەینی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان خوێندکاران دەتوانن ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەمڕۆ کۆتا تاقیکردنەوەی خوێندنی تورکمانی و سریانی و پیشەیی تەواوبووە.
باسی لەوەش کردووە، "رۆژی هەینی ١٩ ی تەمووزی ٢٠٢٤، کاتژمێر ٨ ی ئێوارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان ڕادەگەیەنین."
بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە، ئەمساڵ ١٢٢ هەزار و ١٥ خوێندکار مافى بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکاندا هەبووە، زیاتر لە دوو هەزار هۆڵیش بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکراون.
پێشتریش، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، چەند جارێک داوایان کردووە کە سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لەو زانکۆ و پەیمانگایانەدا بگۆڕێت، چونکە خوێندکارێک کە لە نمرەی ٥٠ـەوە دەرچووە و ناکرێت نمرەکەی ئەوەی بۆ دیاریبکات بچێتە کوێ، بەڵکو دەبێت حەز و خولیای خوێندکار بەشدار بێت لە پڕۆسەکەدا و کۆلێژەکان بەپێی پێویستی خۆیان تاقیکردنەوە دابنێن و خوێندکار تاقیکردنەوە بکات لەو کۆلێژەی دەیەوێت.
بۆ کردنەوەی لینکەکە کلیک لێرە بکە..