سەردێڕ:

بازرگانیی هەرێم: تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەشەئاردی پێنجەم دابەش دەکرێت

PM:01:41:11/06/2024

2520 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە کە لە ٦ـی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستاش ٤٢ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە. دەشڵێت، لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم دەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم ماوەی زیاتر لە ٤٥ رۆژ دەخایەنێت و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بە سەرکەوتووی و هەڵگرتنی گەنمەکە بەباشی لە سایلۆکاندا، ئامادەکاری تەواو کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینی تەواو بۆ گەنمی جوتیاران پێش وەرگرتنی لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە بەشەخۆراک باسی لەوە کرد، تا ئێستا چوار بەشەخۆراک دابەش کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بڕیاری دابەشکردنی بەشەخۆراکی پێنجەم دەدرێت.

نەوزاد کامیل ئەوەشی خستە روو، دابەشکردنی بەشەئاردی چوارەم کۆتایی پێهاتووە و لە ئێستادا گەنم بۆ ئاشەکان نێردراوە بە مەبەستی هاڕینی و ئامادەکردنی بەشەئاردی پێنجەم. وتیشی، لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم دەکەن.

راشیگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە ئەگەری خراپی کوالێتی هەر مادەیەکی بەشەخۆراک راستەوخۆ بیگێڕنەوە بۆ بریکاری خۆراکەکە.

لەبارەی پڕۆسەی کارتی ئەلکترۆنی بەشەخۆراک باسی لەوە کرد، پڕۆسەکە دەستی پێکردووە و لە شەش پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراق کۆتایی پێهاتووە، لە پارێزگای دهۆکیش ٩٨٪ـی پڕۆسەکە کۆتایی پێ هاتووە. وتیشی، لە ئێستادا کار لەسە ئەوە دەکرێت کارتی ئەلکترۆنی بەشەخۆراک ببەسترێتەوە بە کارتی نیشتیمانی هاوڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لیژنەیەکی تایبەتمەند بێتە هەرێم و گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی پڕۆسەکە بکرێت.













گەلەری