سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرا

AM:09:00:15/05/2024

41700 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە سێ گوژمە ١٦٨ ملیار دیناریان بۆ نێردراوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک پێش ئێستا دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی هەرێم کرا.


ئەمرۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە بەشێک لە بانکەکانەی سلێمانی دەست کراوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان.

ئەوەشی خستە روو، لە سلێمانی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراوە و خانەنشینان دوای تیپەڕبوونی ٢٠ رۆژ بەسەر وادەی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی رێکنەخستنی خانەنشینانەوە لە یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی بەهۆی زۆری ژمارەی خانەنشینانەوە قەرەباڵغی لە بانکەکاندا دروست بووە.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە چەمچەماڵ بانکەکان مووچەیان دابەش نەکردووە و خانەنشینانیان گەڕاندووەتەوە بۆ ماڵەوە و پێێان وتراوە کە تا کاتی گەیشتنی پارە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕیکەرەوە سەردانی بانکەکان نەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوینی سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، نزیکەی ١٦٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکەن.
گۆران لوقمان - سلێمانی













گەلەری