سەردێڕ:

کارەبای هەرێم: ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتەوە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات

PM:12:05:27/04/2024

5632 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا کراوەتەوە. دەشڵێت، "ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتەوە هەزار و ٦٠٠ مێگاوات".


دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆرەوە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە، لە ئێستادا قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکان کراونەتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاندووە، توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی ٢٥٠٠ مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە ١٦٠٠ مێگاوات و رێگایان نەداوە كوژانەوەی گشتی لە سیستمی كارەبا رووبدات.

ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە بۆ هەشتەم جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا و دوو دەنگی بەهێز لەنێو کێڵگەکەدا بیسترا، بەهۆی هێرشەکانیشەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.


 













گەلەری