سەردێڕ:

فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەردەوامە

PM:10:16:10/04/2024

1628 جار خوێندراوەتەوە

حزبەکانی دەسەڵات پەلەقاژێی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیانە بۆ پێنجەم جار و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا دەکەنەوە.


هەرچەندە پارتی ویەکێتی هەرجارە و بە بیانوویەکی جیاواز و بە هاوبەشی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن، لە بەرامبەردا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى جەخت لە پێویستى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە دەکەنەوە لە ١٠ ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا.

پێشتر بە پاساوی رازینەبوونى یەکێتی هەڵبژاردنەکە دواخرا و ئێستاش پارتی بەهۆی رازینەبوونی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنەکە بڕیاری بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنی داوە.

هەر بەم هۆیەوە، جێنین پلاسخارت نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتى جەختی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان كردەوە، وتیشى، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار دەبن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

هاوکات لە لێدوانیدا لە بارەی هەڵبژاردن لە هەرێم، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، نیگەرانن لە ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی پارتی لەسەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن وتیشی، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد وعێراق بە گشتی ناکات.

ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە هەڵبژاردن ئەوەیە، خۆیان دەزانن هەگبەی خزمەتیان بە خەڵک خاڵییە و بێزاری و توڕەیی خەڵک لێیان گەیشتووەتە لوتکە، گەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، باجی بێ باکییان بەرامبەر خەڵک زۆر بەقورسی وەردەگرنەوە.

لەم بارەیەوە، ئۆپۆزسیۆنیش رایگەیاندبوو، ئەگەر پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن دەدۆڕێن و ئەنجامیشی نەدەن دەڕوخێن، بە واتایەکی تر، پارتی و یەکێتی لە تاو سزای خەڵک لە دۆخێکى نالەباردان و نازانن چۆن خۆیان لە سزای خەڵکی بەشخوراوی هەرێم ڕزگار بکەن.













گەلەری