سەردێڕ:

پلاندانانی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی: سەرجەم مامەڵەکان لە دۆلارەوە دەکرێن بە دینار

PM:10:25:27/03/2024

9840 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەئێستادا هیچ گرفتێک لەبەردەم گەشەسەندنی ئابووریی عێراقدا نیە و لە بودجەی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوشدا هیچ قەیرانێکی دارایی لە عێراقدا دروست نابێت. دەشڵێت، "بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار، سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە دەکرێن بە دینار".


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبولزەهرە هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رێگەی ئەو پلان و میکانیزمانەی دایان ناوە، بەتەواوی داهات کۆنترۆڵ کراوە و ساڵانە بەرێژەی ١٠٪ بۆ ١٥٪ سەرڕێژ دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا سەرجەم ئەو خەرجییانەی کە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و سوتەمەنی بەکاردەهێندران کۆنترۆڵ کراون و رێژەی ٤٠٪ـی ئەو خەرجیانە دەبنەوە داهات بۆ عێراق کە بەراورد بەساڵانی رابردوو ئەوە هەنگاوێکی فراوان و ئەرێنیە بۆ ئابووری عێراق.

باسی لەوەش کرد ، لە ئێستادا تەنها کێشەی کەمی دینار هەیە لەبانکەکاندا بەرێژەی ٤٪، کە ئەوەش بە گوێرەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی و پلانەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە دەکرێن بە دینار و باجی سەر دراوی بیانی بۆ ۷٪ بەرز دەکرێتەوە، کە ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی نوێ و رێکارێکی نوێی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی دینار بۆ بانکەکانی عێراق.

ئەوەشی خستە روو، هەوڵ دەدرێت دیناری زیاتر بگەڕێننەوە بۆ بانکەکان و لەلایەن لیژنەی داراییەوە پلانێکی تایبەتی بۆ دانراوە، بە مەبەستی ئەوەی تەواوی مامەڵە داراییەکان بکرێت بە ئەلیکترۆنی و دینار بەکار بهێنرێت، هاوکات، تەنها بازرگانان بتوانن دەستیان بە دۆلار بگات و هاوڵاتیان تەنها پێویستیان بە بەکارهێنانی دینار بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردن و لێکدانەوەی بودجە، لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق کۆبوونەتەوە، کە زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دیناری بۆ پرۆژەکان تەرخان کردبوو. وتیشی، " بودجەی ئەمساڵ گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا".













گەلەری