سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەواوە، جیهان لە بارودۆخێکی خراپدایە و کاتیان پێویستە بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە. دەشڵێت،"پلەکانی گەرمی زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئاو و هەوای جیهان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات و بەپێی هەموو پێوەرەکان ئەو گۆڕانە پێشبینی نەکراو بووە و پلەی گەرمی زەوی بەرز بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کارگەکان و
پیشەسازییە جیاوازەکان بەگشتی بوونەتە هۆی ئەوەی زەوی گەرم ببێت، ئەوەش کار لە
توانەوەی سەهۆڵبەندەکانی جەمسەرەکانی زەوی دەکات.
دەشڵێت،" کاتێکی زۆرمان پێویستە
بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە گەرمبوونی زەوی و باروودۆخەکە باش بکەینەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، هاوینی ساڵی
٢٠٢٣، لە زۆرینەی وڵاتان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو و پێشبینی نەکراو بەرزبوونەوە،
بەو هۆیەشەوە لە زۆرینەی وڵاتان رێکارەکانی فێنکردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان گیرانەبەر.
لەو سەروبەندەشدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز
رایگەیاند، پلەی گەرمی زەوی لە بەرزبوونەوە دەرچووە و جیهان قوڵپ دەدات. ئەو قسەیەی
گۆتێرێز کاردانەوەی زۆری لای میدیا جیهانییەکان دروست کرد و بووە جێگەی باس.